دوێنێ شەو چی گوزەرا؟

لە ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئەمریکاوە تا دواپێشهاتەکانی ناوچەکە

ژووری هەواڵ

ئەگەر لە هەواڵەکان دابڕاویت، لە ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئەمریکاوە تا پێشهاتەکانی ناوچەکە؛ گرنگترین هەواڵەکانی شەوی رابردوو بزانە:

📌نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەبۆنەی مەراسیمی چلەی ئیمام حسێن، رۆژانی دووشەممە و سێشەممە 3 و 4ـی مانگی داهاتوو لە عێراق پشووی فەرمییە.

📌وەزارەتی دەرەوەی ئێران؛ بەهۆی ئەو هێرشەکانی ئۆکرانیەوە دەریاوانێکمان کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو، تاران کیێڤی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەیەوێت جەنگی نێوان ئۆکرانیا و روسیا فراوانتر بکات.

📌شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاشکرایکرد، لە سەرەتای مانگی موحەرەمەوە تا ئەمڕۆ ملیۆنێک و 273 هەزار و 758 زیارەتکار لەڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە هاتوونەتە عێراق.

📌ئەکسیۆس؛ رۆژی هەینی ترەمپ فەرمانی کرد کە شەوی شەممە هێرشی نوێ نەکرێتە سەر ئێران و ئەم بڕیارەشی لەو روانگەیەوە داوە کە مەجالێک بۆ دیپلۆماسیەت بهێڵێتەوە.

📌ئەکسیۆس؛ سوپای ئەمریکا هێشتا پلان دائەنێت بۆ ئەگەری درێژەدان بە هێرشەکانی سەر ئێران، بەڵام ترەمپ تا ئێستا فەرمانی هێرشی نەداوە.

📌وەزارەتی دەرەوەی ئێران: دانوستانەکان لەگەڵ عومان سەبارەت بە گەرووی هورمز بەرهەمدار بوون.

📌هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا: هێزەکانی روسیا بە مووشەکی بالیستی کیێڤی پایتەختیان کردووەتە ئامانج.

📌سێنتکۆم؛ ئۆپەراسیۆنی پشکنین و پشتڕاستکردنەوەمان لەسەر پشتی کەشتییەکی نەوتکێش ئەنجامدا کە ئاڵای دوورگەکانی قەمەری پێوەبوو لە دەریای عەرەب.

📌سێنتکۆم: تا 25ـی تەممووز، 12 کەشتیی بازرگانی کە هەوڵیانداوە گەمارۆی سەر ئێران بشکێنن، ئاڕاستەیان گۆڕدراوە.

📌سێنتکۆم: رۆژی 24ـی تەممووز کەشتییەکی نەوتکێشمان لە کەنداوی عومان پەکخست کە ئاڵای مۆزەمبیقی پێوەبوو.

📌ترەمپ: ئەگەر %100 ئەو شتانە بەدەستنەهێنین کە دەمانەوێت، بە چڕی شەڕ دژی ئێران دەستپێدەکەینەوە.

📌باڵیۆزی کوێت لە واشنتن: کوێت بەشداری لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی ئێران نەکردووە ورێگەی نەداوە خاک و ئاسمانی و ئاوە هەرێمییەکانی بۆ ئۆپراسیۆنی هێرشبەرانە بەکاربهێنرێت.

📌سەرۆکی ئۆکرانیا: چاودێرییە مانگە دەستکردەکان دەریانخستووە کە موسکۆ یارمەتی تاران دەدات لە ئاڕاستەکردنی هێرشەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

📌ئاگرەکەی فەرەنسا کە بووەتە هۆی سووتانی 14 هەزار هێکتار زەوی و ئاوەرەبوونی هاوڵاتیان بەردەوامە و ماکرۆنیش دەڵێت؛ سەرجەم سەرچاوە مەدەنی و سەربازییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاگرەکە خستووەتەکار.

📌سەرۆکی ئۆکرانیا: روسیا هەوڵدەدات 30 هەزار سەرباز لە کۆریای باکوورەوە وەربگرێت و بەشدارییان پێبکات.

📌دەستەی پەخشی ئیسرائیل: دەردەکەوێت تڕەمپ بڕیاریدابێت “مۆڵەتی کۆتایی” هێرشە گەورەکەی سەر ئێران دوابخات، بۆ ئەوەی دەرفەتێکی دیکەی پێبدات بۆ گەڕانەوە سەر مێزی دانوستان.

📌رۆیتەرز؛ درۆنێک لە نزیک کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر خرایە خوارەوە.

📌رۆیتەرز: حوس*ییەکان جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنیان دژی دامەزراوەکانی ئارامکۆ لە جازان و یەنبەع لە سعودیە راگەیاند.

📌ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: جەخت لەسەر سەروەریی سوریا بەسەر خاکەکەیدا دەکەینەوە و ئەوەی لە جۆلان روودەدات قبوڵکراو نییە.