وێنە؛ +964
بەردەوام لە دادگا و بنكەكانی پۆلیسن
داواكاری گشتی: سەرووی هەزار دۆسیەی تاوان یەکلاکراونەتەوە
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی ئاشكرای كرد، لە ساڵی 2024 هەزار و 74 سكاڵای جۆراوجۆر بەرزكراونەتەوە، هەروەها سەرووی هەزار دۆسیەی تاوانیش لە دادگاكان یەكلاكراونەتەوە.
وەزارەتی دادی هەرێمی كوردستان، ئاماری كارەكانی سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی لە 2024 بڵاوكردەوە.
لە راگەیاندراوێكی وەزارەتەكەدا هاتووە، داواكاری گشتی هەزار و 74 سکاڵا لە بارەی مافی گشتی و بەفیڕۆدانی موڵک و ماڵی گشتی و لابردنی زێدەڕۆییەکان بەرزكردووەتەوە، هەروەها سێ هەزار و907 نووسراوی بەدواداچوونیشیان ئاراستەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەندامانی داواکاری گشتی دوو هەزار و 31 جار بەشداری لیژنەکانی لێکۆڵینەوە و بەرزەفتکردنیان کردووە.
“هەریەک لە دەستەی تاوانەکان و دەستەی تاوانی نەوجەوانان و دەستەی تانەلێدان لە بەرژوەندی یاسا و دەستەی راوێژکاری لە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لە ماوەی ساڵێکدا، لە کۆی 1275 دۆسیەی تاوانەکان، کە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەکراون، سەرووی هەزار دۆسیەی تاوان یەکلاکراونەتەوە، واتە رێژەی خێرای راپەراندنی کارەکان لە سەرووی 80% بووە”، لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە.
باسی ئەوەش كراوە، هەروەها ئەندامانی داواکاری گشتی لە دادگای تاوان، دادگای نەوجەوانان، کەتن، تێهەڵچوونەوە و گومرگ، رۆژانە وردبینییان لە پەڕاوی دۆسیەکان کردووە و راپۆرتییان لە بارەیەوە داوە، ئەگەر پێویست بووبێت تانەشیان لە بڕیارەکانی دادگا داوە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا باسی ئەوە كراوە، “ئەندامانی داواکاری گشتی بە مەبەستی ئاگاداربوون لە دۆسیەکانی لێکۆڵینەوە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی رێکارەکان بە گوێرەی یاسا و بەدواداچوون بۆ کەموکوڕییەکان، لە ماوەی ساڵێکدا هەزار و 211 جار سەردانی بنکەی پۆلیس و ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس و ئاسایش و بنکەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانییان کردووە و سەرپێچییەکان تۆمارکراون و بەدواداچوونی بۆ کراوە، هەر لە ماوەی دیاریکراودا ئەندامانی داواکاری گشتی لە رۆژانە سەردانی گرتووخانەکانیان کردووە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاکسازی لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەرینەوە بۆ بەدواداچوونی رەوشی راگیراوان و حکومدراوان و گوێگرتن لە داواکاری و گلەییەکان و ئاگاداربوون لە کەموکوڕییەکانیان”.