وەستا مکایل
رۆژ تا ئێوارە ئاسن دەکوتێ و خۆی گوێبیستی نییە
ئاکام غەفور – سۆران
کورەیەکی پڕ لە ئاگر کە زوو زوو دەی گەشێنێتەوە، ئاسنەکانی بۆ گەرم دەکات، هەرچی بە چەکوش دەکێشێت بە ئاسنەکان خۆی گوێی لێ نیە، بەڵام زۆرێک لە پێویستی خەڵکی پڕ کردووەتەوە.
وەستا مکایل، نابیستێکی شاری سۆرانە، زیاتر لە حەوت ساڵە کاری ئاسنگەری دەکات، لە سەر پێی خۆی وەستاوە و بژێوی خۆی و خێزانە هەشت کەسییەکەی لەسەر ئەو دوکانە پەیدا دەکات.
دوکانەکەی لەلا تەنیشتێک دروست کراوە، دوکان نا راستی کەپرێکە و بە چادر و نایلۆن دایپۆشیوە، ئەو وەستا تەمەن 50 ساڵە، خاوەن پێداویستی تایبەتە، بە کوردییەکەی “نابیستە و ڵاڵە” و رۆژ تا ئێوارە بە چەکوشەکەی ئاسن دەکوتێ، بەڵام خۆی گوێبیستی هیچ نابێت.
مکایل مەجید، بە ئاماژەی دەست باسی ژیانی خۆی بۆ 964 دەکات و دەڵێت، ژیانم قورسە ئەم کارە زۆر هیلاکم دەکات، بەردەوام ژانی پشت و دەست و قاچەکانم هەیە.
ئەوەشی بە ئاماژە تێ گەیاندنین، کە لە دوکانەکەی تەور، داس، بیور و چەقۆ و چەکوش دروستدەکات و رۆژی وا هەیە، هیچی دەست ناکەوێت و رۆژیش هەیە کار دەکا و هەتا 25 هەزار دیناری دەست دەکەوێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا