له وزه‌ى خۆر به‌رهه‌م ده‌هێندرێت
خانه‌قین به پڕۆژه‌یه‌ک له پێویستییه‌كانى كاره‌با بێخه‌م ده‌بێت
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
له خانه‌قین كار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌یه‌ك ده‌كرێت، به‌هۆیه‌وه قه‌زاكه بێخه‌م ده‌كات له پێویستى وزه‌ى كاره‌با و ته‌واوى فه‌رمانگه‌كان ئاگاداركراونه‌ته‌وه هاوكار و كارئاسنى ئه‌م پڕۆژه‌یه بن.
پڕۆژه‌كه بە سیسته‌مى سۆلار ناسراوە و له وزه‌ى خۆر كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێندرێت، لە نزیک گەڕەکی بانمیل تەختاییەکی به رووبه‌رى هه‌زار دۆنم زه‌وى بۆ دیاریكراوه.
جەواد فەیزوڵڵا، قایمقامی قەزای خانەقین بە 964ـی راگه‌یاند، وەزارەتی کارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی ئەو پڕۆژەیە لە خانەقین جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
وتیشی “ئەم سیستەمە 120 – 125 مێگاوات کارەبا بۆ خانەقین دابین دەکات کە ئەوەش بە ته‌واوى بەشی خانەقین دەکات و رەنگە بدرێتە شارەکانی دیكه‌ش”.
ته‌واوى فەرمانگەکانى حكومه‌ت له خانه‌قین ئاگاداركراوهنهتهوه، كه له ئامادەباشیدابن بۆ هاوكارى و كارئاسانیان بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ى كه پێشتر كاره‌باى خانه‌قین به 964ـى داوه، قه‌زاكه له‌وپه‌ڕى زۆرى به‌كارهێناندا پێویستی بە 145 مێگاوات کارەبا دەبێت، بەڵام لە رۆژانی ئاسایی‌دا رێژه‌كه‌ى کەمترە.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن