بومەلەرزە هەولێری خەبەر کردەوە
964+
هێمن بەکر
کاتژمێر 4:22 خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بومەلەرزەیەک بە گوڕی نزیکەی پێنج پلەی رێختەر هەولێر و بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەرزاند، تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی و ماڵیی رانەگەیەندراوە.
بومەلەرزەکەی هەولێر درێژکراوەی شەپۆلی بومەلەرزەکەی تورکیا بووە کە بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر داویەتی لە باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا و باکوری کوردستان.
بومەلەرزەکە 10 پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان، بەشێک لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا، باشووری کوردستان و عێراقی گرتەوە، ئەوە جگە لەوەی لە لوبنان و ئوردنیش هەستی پێکراوە.
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوە، لە تورکیا و سوریا بۆ سەدان کەس بەرزبووەتەوە، بەگوێرەی نوێترین ئامارەکان کە سات بە سات دەگۆڕێت.
بومەلەرزە دیاردەیەکی سروشتییە و بەهۆی جووڵانی پلێتەکانی ژێر زەوی روودەدات، لەگەڵ روودانیدا، ئەو کەسانەی هەستیان پێکردووە تووشی شۆک دەبن و ماوەیەکی کەم کات دەخایەنێت تاوەکو دێنەوە سەر خۆیان.