"رێگە لەبەرهەمهێنان و بەقاچاخ هێنانی بەنزینی پیس بگیرێت"
سەرۆکی حکومەت چەند بڕیارێکی لەسەر پرسی ژینگە دەرکرد
964+
شۆڕش قادری
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ژینگە و گەشتوگوزار و هەردوو پارێزگارەکەی هەولێر و دهۆک لەسەر پرسی پیسبوونی ژینگە کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی لەوبارەیەوە دەرکرد.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی، “ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتمان کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک”.
“ئاماژەمان بەوە دا کە پرسی ژینگەپاريزی بەشێکی گرنگی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و پێویستە ئەرک و خەمی هەموومان بێت و دەبێت ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بە پاکی ڕابگرین و پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگە، ئەرکی هەموو لایەکمانە”، مەسرور بارزانی وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و ژینگەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوا ، بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە و ئەرکێکی لەپێشینەی حکومەتە و لەمبارەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ڕاسپارد، ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لەو هۆکارانەی دەبنەهۆی پیسبوونی هەوا و ژینگە و سزادانی سەرپێچیکاران بگرنەبەر”.
سەرۆکی حکومەت دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکمان داوە کە بریتین لە:
یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک ، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دووەم: ڕێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە.هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
سێیەم : دەبێ خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوارەم: ڕێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت.