دوو فراكسیۆن بایكۆتیان كردووە

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەڕێوەدەچێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بڕیارە ئەمڕۆ شەمممە 11.1.2025 ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان لە هەولێر، لەگەڵ سەرۆكی فراكیسۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق و نوێنەرانی كورد كۆببنەوە، بەڵام لە دوێنێ شەوەوە دوو فراكسیۆن رایانگەیاندووە بەشداریی كۆبوونەوەكە ناكەن.

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشەوا هەورامانی، شەوی رابردوو ئەنجامدانی كۆبوونەوەی راگەیاند، كە بڕیارە ئەمڕۆ كاتژمێر 10:00ی بەیانی بكرێت، تێیدا سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم بەشدار دەبن و دەیانەوێت لەگەڵ فراكسیۆن و لایەنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی موچە و شایستە داراییەكانی هەرێم لە بەغدا، گفتوگۆ بكەن.

بەڵام هەر شەوی رابردوو نوێنەرانی هەردوو لایەنی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری بە میدیاكانی خۆیان راگەیاند، بەشداریی كۆبوونەوەكە ناكەن و بایكۆتیان كردووە.

لە دوای كۆبوونەوەی چوارشەممەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان، دەنگۆی ئەوە هەیە هەرێمی كوردستان بە تەواوی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بكشێتەوە، ئەگەر بەغدا كێشەی موچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەكانی كوردستان چارەسەر نەكات.

كۆمەڵێك كێشەی هەنووكەیی لە نێوان هەرێم و بەغدا هەن، كە هەرێمی كوردستان لای خۆیەوە دەیەوێت چارەسەر بكرێن، لەوانە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، كە بەردەوام گرفتی هەیە و ئێستاش موچەی مانگی 12ی 2024 نەدراوە، هەروەها پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە، كە لە ئاداری 2023 وەستێندراوە.

"چاوەڕێن حکومەتی فیدڕاڵ تەواوکاریی شایستەی دارایی موچەخۆران بۆ ساڵی 2024 بنێرێت"