"خراپیی خۆمانە باران نابارێت"
خەڵکی هەریر و باتاس دەست بە دوعا بوون و نوێژەبارانەیان کرد
964+
ئاکام غەفور-سۆران
کەمی بارانبارین و ترس لە وشکەساڵی وایکردووە، خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ناوبەناو کۆببنەوە و پەنا بۆ نوێژەبارانە ببەن، ئەمڕۆش خەڵکی هەریر و باتاس پێکەوە دەست بە دوعا بوون و نوێژە بارانەیان ئەنجامدا.
حاجی تاهیر موسا پیاوێکی بەتەمەنی هەریرە، کە بە کۆڵ دەگریا و دەپاڕایەوە بۆ بارانبارین، بە 964ـیشی وت، “خراپیی خۆمانە باران نابارێت، خودا رەحممان پێ بکات و بارانمان بۆ ببارێنێ”.
خەمی ئەو دنیادیدەیە هەر بۆ مرۆڤەکان نییە و ئەو دەڵێت، “خەمی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانمە، بێ بارانییە و تووشی لەناوچون دەبن”.
مامۆستا عەبدولعەزیز تەها، کە مامۆستایەکی ئایینی هەریرە، بە 964ـی وت، “نوێژەبارانە سووننەتێکی ئایینی ئیسلامە، لە رابردووشدا ئەم نوێژە کراوە و کاریگەری خۆی هەبووە”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری