"سێ کەس دەستگیرکراون"
بەهۆی 964ەوە دەرگا دزەکان دۆزرانەوە و دانیان پێدا نا
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
هەر ئەوەندەی ئیشەکەی 964 بڵاوبووەوە، پۆلیسی زەڕەیەن گورج و گۆڵ کەوتە سۆراغکردنی هەر ئەمشەو سێ دز دەستگیرکراون.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 09.01.2025 (بڕوا مەجید)پەیامنێری 964 لە شارەزوور چووە گۆڕستانی (یەخشی) لە ناحیەی زەڕایەن تا 20 گۆڕو زیاتریشی ژمارد کە دەرگاکانیان پێوە نەماوە، گومان دەکرێت دزرابن و بە ئاسن فرۆشرابن.
دەرگاکان دەدزن و لە بازاڕدا بە ئاسن دەیفرۆشن
ئەو کاتەی پەیامنێری 964 لەوێ بوو هەندێ کەسیش هاتبوون بۆ سەدانی گۆڕەکان، یەکێکیان کە پیاوێکی بەتەمەن بوو وتی ”دەرگاکان دەدزن و لە بازاڕدا بە ئاسن دەیفرۆشن”.
ئەو کاتە بەرپرسانی ناوچەکەو هێزە ئەمنییەکان هیچیان نەوت، بەڵام 964 زانیبووی لێکۆڵینەوەیان دەست پێکردووەو بە دوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە دەرگاکانیان بردووە.
کەمێک پێش ئێستا 964 زانی سێ کەس بە تۆمەتی دزینی ئەو دەرگایەنە دەستگیرکراون.
دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی دزرانی چەند دەرگایەک لەلایەن دەزگای میدیای 964 توانیمان سێ تۆمەتبار بەتۆمەتی دزییەکە دەستگیر بکەین
سەرکەوت ئەحمد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە 964 وت ”دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی دزرانی چەند دەرگایەک لەلایەن دەزگای میدیای 964 لەگۆرستانی یەخشی قەزای شارەزوور، لەلایەن مەفرەزەکانی پۆلیس ناحیەی زەڕایەنەوە بەدواداچونی ورد کرا، دوای دەستکەوتنی زانیاری لەسەر ئەوکەسانەی هەڵساون بەدزینی دەرگای قەبرەکانی ناو گۆرستانی یەخشی توانیمان سێ تۆمەتبار بەتۆمەتی دزییەکە دەستگیر بکەین و دوای لێکۆڵینەوە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و دەرگاکانیان فرۆشتووە”.
گۆڕستانی یەخشی کە خەڵکی ناوچەکە پێی دەڵێن ”پیر میکایڵ” دەکەوێتە خوارووی شارەزوورو دوو کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزاکەوە دوورە، بەشێک لە گۆڕەکان دیواریان بۆ کراوەو دەرگایان تێدایە، ماوەیەکە خەڵکەکە دەڵێن هەر جارێک دەچن چەند دەرگایەک دیار نامێنێت، دەرگاکان ئاسنن.
نەک هەر ئەوە هەندێکی تریان لە دەوریان تەلبەند کراوە، تەلبەندەکانیش براون، پەیامنێری 964 بە چاوی خۆی بینی کێلی سێ گۆڕی پێشمەرگەش شکێندراوە.