نزیکەی 500 جوتیارن و بڕۆن چەکەکانتان وەربگرن
جوتیارانی گەرمیان ئەوانەی پارەی گەنمتان وەرنەگرتووە؛ سبەی گیرفانتان گەرم دەبێتەوە
964+
شۆڕش قادری
سبەینێ کۆتا قۆناغی دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیاران لە گەرمیان دەستپێدەکات کە نزیکەی 500 جوتیارن و ژمارە بیتاقەکانیان لەنێوان 1166 بۆ 1300ـە.
کاروان رەئوف بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان لەڕێی 964ـەوە داوای لەو جوتیارانە کرد کە گەنمیان رادەستی سایلۆکە کردووە و ژمارەی بیتاقەکانیان لە نێوان 1166 بۆ 1330ـە، سبەی پێنجشەممە 9.1.2025 سەردانی سایلۆی گەرمیان بکەن بۆ وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان.
بەقسەی کاروان رەئوف، “لە سنووری گەرمیان نزیکەی شەش هەزار جوتیار ساڵی 2024 گەنمیان رادەستی سایلۆی گەرمیان کردووە و لەو ژمارەیەش نزیکەی 500 جوتیار ماون، پارەکانیان وەربگرن، ئەوانی دیکە پارەکەیان وەرگرتووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەی کۆتا قۆناغی دابەشکردنی پارەی جوتیاران دەستپێدەکات و ئەو 500 جوتیارەش چەکی شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.
کاروان رەئوف بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان ئاشکراشیکرد، نزیکەی 45 ملیار دینار لە پارەی گەنمی جوتیارانیان، بە دوو وەجبە بەدەست گەیشتووە، ئەو بڕە پارەیەی ماوە، 10 ملیار و 134 ملیۆن دینارە کە سبەینێ پێنجشەممە بەسەر جوتیاراندا دابەشی دەکەن.