موچەکەیان چەندە؟
ئەمڕۆ موچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەكرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بڕیارە ئەمڕۆ موچەی مانگی 10ـی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت، بەشێكی مامۆستایانیش چاوەڕێی شایستە داراییەكانی مانگەكانی 7 و 8 دەكەن.
بەپێی ئەو راگەیاندراوەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 24.12.2024 موچەی مانگی 10ی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان 37 هەزار و 933 مامۆستان و موچەی مانگانەیان لە نێوان 400 بۆ 500 هەزار دینارە، بەمەش حکومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە بڕی نزیكەی 19 ملیار دینارە بۆ دابینكردنی موچەی مامۆستایانی گرێبەست.
مانگی رابردوو حکومەتی هەرێم لەگەڵ لیستی موچەی مانگی 10، لیستی ناوی سەرجەم مامۆستایانی گرێبەستیشی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نارد، بۆ ئەوەی موچەیان پێبدرێت.
ئەوەی جێی نیگەرانیی مامۆستایانی گرێبەستە، پێش ئەوەی بە فەرمی بكرێن بە گرێبەست، شایستەی دارایی مانگانەیان هەبوو، بەڵام ئەوان شایستەی مانگەكانی 7و8ی رابردوویان وەرنەگرتووە.
كارۆخ عەبدوڵا نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست بە 964ی وت، شایستە داراییەكانی مامۆستایانی گرێبەست بۆ مانگەكانی 7 و8 لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان دابەش كراون، تەنیا لە هەولێر و دهۆك دابەش نەكراون.