بووەبە بنەمای هاوسەنگی
کەرکوک پلانی لابردنی کۆبۆنی بەنزینی نیە
964+
ئەحمەد مستەفا
“کۆبۆنی بەنزین لە کەرکوک ئامڕازێکی زۆرباشە، بۆ دابەشکردنی بەنزین بەسەر شۆفێراندا لە کەرکوک بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، بۆیە هیچ پلانێک بۆ لابردنی کۆبۆنی بەنزین لە ئارادا نیە”.
ئەمە، قسەی بەڕێوەبەری بەشی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک، عەلی محەمەدە بۆ پێگەی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان.
لە کەرکوک ئەگەر بتەوێت بەنزینی حکومی بە نرخی هەرزان وەربگریت دەبێت کۆبۆنت هەبێت، مامەڵەی دەرهێنانی کۆبۆنەکەش زیاتر لە سێ مانگی پێدەچێت، چەند جارێکە دەنگۆی لابردن و هەڵوەشاندنەوەی کۆبۆن دێتە ئاراوە، و ماوە ماوە دەکردن و پێدانی بەنزین پێی راگیراوە، لەکاتێکدا دانانی کۆبۆن بۆ راگرتنی هاوسەنگی بڕە بەنزینی پاریزگاکەیە.
لە شارەکە، هەر كەس فۆرمی خۆراکی لەسەر شارەکە بێت، دەتوانێت ببێت بە خاوەنی كۆبۆنی بەنزین، نرخی یەك لیتر بەنزین بە 450 دینار وەردەگیرێت بۆ هەر كەسێك كۆبۆنی هەبێت، ئەگەر كەسێكیش كۆبۆنی نەبێت بەنزین بە نزیکەی هەزار دینار وەردەگرێ.
ئێستا زیاتر لە 190 هەزار ئۆتۆمبێل لە شاری کەرکوک، کۆبۆنی بەنزینیان هەیە و بەشەبەنزین وەردەگرن، هەر كۆبۆنێك بۆ پێنج رۆژ بەكاردەهێنرێت و هەرجارێكیش شۆفێر دەتوانێت تەنیا 50 لیتر بەنزین وەربگرێت، ئەوە لەکاتێکدا نرخی دەرهێنانی كۆبۆنی بەنزین لە كەركوك تەنیا سێ هەزار دینارە.