بۆ مافەکانی مرۆڤ
هۆڵەندییەکان کوڕە کوردێکی خۆمانیان کردە باشترین چالاکوان
964+
ئەحمەد مستەفا
چالاکوان و تۆمارکاری چیرۆکەکانی پێشێلکار بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ، کامەران عوسمان کە لەگەڵ رێکخراوی CPTی ئەمریکی کاردەکات، ئەمڕۆ پێنجشەممە وەک باشترین چالاکوانی مافەکانی مڕۆڤ بۆ ساڵی 2024 دیاری کرا.
کامەران ماوەی رابردوو، سەرەرای داتاکردنی تۆپبارانی وڵاتانی ناوچەیی لەسەر هەرێمی کوردستان، کاریگەری تۆپباران، پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و دەستگیرکردن و خۆپیشاندان و داواکانی داتا کردووە، زۆرجاریش سەرچاوەیەکی فەڕمی و متمانە پێکراو بووە بۆ رۆژنامەنووسان.
ئەو لەلای هۆڵەندییەکان لەسەر ئاستی جیهان یەکەم بوو، هەڵیان بژارد و خەڵاتی تولیپی-یان پێ بەخشی، خەڵاتی تولیپ بۆ مافەکانی مرۆڤ، ساڵانە لەلایەن وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا دەبەخشرێت بە چالاکترین بەرگریکاری مافی مرۆڤ لە جیهان.
هەر بۆیە، لە کۆشکی ئاشتی لاهای لە وڵاتی هۆڵەندا، بە بەشداری وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، ژمارەیەک لە باڵوێزخانەکان و وڵاتان، خەڵاتی باشترین چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ بە کامەران عوسمان درا.
ئەو کە وەک، چالاکوانی کورد و بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی CPTـی ئەمریکی کاردەکات، بە 964ی وت، هیوادارە، بە پشیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هاوبەشان و دۆستانیان، لە رێگەیCPT- ەوە، بتوانن دەنگێکی بەهێزتربن بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان.