دوزخورماتوو
باخەوانێکی تەمەن 75 ساڵ نزیکەی هەفتەیەکە بێ سەروشوێنە
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ماوەی پێنج رۆژە هاوڵاتییەکی تەمەن 75 ساڵ لە خورماتوو بێسەروشوێنە و پۆلیس و کەسوکاری بەدوایدا دەگەڕێن.
حەسەن رەمەزان، کوڕی ئەو پیاوەی بێسەروشوێنە بە 964ـی وت، دوای نیوەڕی رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، وەک رۆژانی ئاسایی باوکی لەماڵ رۆیشتووەتە دەرەوە و چیتر نەگەڕاوەتەوە، تا ئێستاش بێ سۆراغە و شوێن نەماوە بەدوایدا نەگەڕێن.
وتیشی، دواجار پۆلیسی قەزاکەشیان لێ ئاگادارکردووەتەوە، هەروەها کامێراکانی چاودێریشیان پشکنیوە، دەرکەوتووە دواجار لە نزیک یەکێک لە نۆرێنگەکانی قەزاکە بینراوە و پاشان دیار نەماوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، باوکی تەمەنی 75 ساڵە و پیشەی باخەوانە و کارمەندی شارەوانیی قەزاکەیە، هیچ جۆرە نەخۆشییەکی لەبیرچوونەوە و دەروونی نییە و یەکەم جاریشە بەو شێوەیە بڕواتە دەرەوە و نەگەڕێتەوە.
964 پەیوەندی پۆلیسی گشتی قەزاکەوە کرد، عەمید حوسێن عەلی بە 964ـی وت، ئەمڕۆ کەسوکاری هاوڵاتی رەمەزان حەسەن هاتوون و پێیان راگەیاندوون باوکیان ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە بێ سەروشوێنە و لێکۆڵینەویان بۆ رووداوەکە دەستپێکردووە و گەڕانیان بەدوایدا دەستپێکردووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا