باسى شوێنى ئەسەدیش دەکات
هاکان فیدان هەڵوێستى تورکیاى لە بارەى سوریاوە راگەیاند
964+
وریا فەتاح
وەزیرى دەرەوەى تورکیا هەڵوێستى وڵاتەکەى لەبارەى سوریاى دواى کەوتنى ئەسەدەوە راگەیاند و لەبارەى شوێنى ئەسەدیشەوە دەڵێت،”پێموایە ئەسەد لە دەرەوەى سوریایە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا کە لە دەوحە ئەنجامیدا، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کە ئیدارەی نوێی سوریا دەبێت هەمووان لەخۆ بگرێت و جەختی لەوە کردەوە کە گەلی سوریا ئەوانەن کە بڕیار لە داهاتوویان دەدەن.
باسى لەوەشکرد، گەلى سوریا لە دۆخێکدا نییە بە تەنیا جێبهێڵرێت و دەبێت لە ئاوەدانکردنەوە ئەکتەرە نێودەوڵەتى و زلهێزەکانى ناوچەکە ژیرانە مامەڵە بکەن بۆ دەستەبەرکردنى پارێزراوى خاکى سوریا.
کاتێکیش پرسیارى چارەنوسى ئەسەدیان لێکرد، فیدان وتى،” ناتوانم لەسەر ئەوە لێدوان بدەم، بەڵام پێموایە لە دەرەوەى سوریایە، پێشتریش تورکیا هیچ پەیوەندییەکى لەگەڵ ئەسەد نەبووە، سەرەڕاى ئەوەى رەجەب تەیب ئەردۆغان داواى دانوستانى کرد بە ئامانجى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان”.