لە خۆڵەمێش دروستکرایەوە
پەنجا سەرۆک و سەکردەی جیهان لە پاریسن.. کورسییەکیش بۆ سەرۆکی هەرێم
+964
ژووری هەواڵ
ئەمشەو 50 سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی جیهان لە پاریس کۆبووبوونەوە، لەناو ئەوانەش کورسییەک بۆ هەرێمی کوردستان داندرابوو، بۆنەکەش کردنەوەی کەنیسە مێژوویەکە بوو کە جارێکی تر لە خۆڵەمێش دروستکرایەوە.
کاتدرائی نۆتردام لە ساڵی 1345 دروستکراوە، بەڵام لە 182 ساڵ پێش ئەو رێکەوتەوە دەستکرابوو بە دروستکردنی، ساڵی 2019 بەشێوەیەکی کتوپڕ ئاگری گرت و ئەو شاکارە گەشتیارییەی پاریس بەنزیکەیی لەناوچوو.
زوو فەرەنسا کەوتە خۆی بۆ نۆژەنکردنەوەی کاتدرائییەکە، پێنج ساڵی ویست تا نۆژەنکرایەوەو وەکجارانی لێهاتەوە لەگەڵ تەواوبوونیدا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا چوو سەردانی شوێنەکەی کردو بە ئەندازیارو کرێکارەکانی وت ”خۆڵەمێشتان کردەوە بە تابلۆ”.
ماکرۆن نەیویست ئەم رووداوە وا بەبێدەنگی تێپەڕێت، 50 سەرۆک و سەرکردەی دنیای بانگکرد، لەنێو ئەوانەشدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبوو، ئاڵایەکی کوردستان درابوو لە پشتی کورسییەکەی و لەسەری نوسرابوو ”بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق”.
کەمێک پێش ئێستا سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر تێلیگرام نوسیویەتی ”سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە مەراسیمی کردنەوەی کەنیسەی نۆتردام لە پاریس، لە ریزی سەرۆک و سەرکردەکانی جیهاندا”.
لەگەڵ ئەم نوسینە ڤیدیۆیەک هاوپێچکراوە کە تیایدا سەرۆکی هەرێم بە ئۆتۆمبێلێکی مارسیدس دەگاتە کاتدرائییەکە، لە پێشی ئۆتۆمبێلەکەش ئاڵای کوردستان هەڵکراوە.