وەزارەتی دەرەوە وادەڵێت
ئێران: باڵیۆزخانەكەمان لە دیمەشق چۆڵ نەكردووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیكردەوە، وڵاتەكەی باڵیۆزخانەكەی لە دیمەشق چۆڵ كردبێت، لەمبارەیەوە ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە.
دوای ئەوەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بە پشتبەستن بە کاربەدەستانی ئێرانی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوە کردبوو تاران سەرکردە سەربازییەکانی خۆی جگە لە خەڵکی سڤیل و بەشێک لە دیپلۆماتکارەکانی لە سوریا دەگەڕێنێتەوە، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە، باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە دیمەشق بەردەوامە لە ئەنجامدانی چالاکییە ئاساییەکانی خۆی.
بەقایی لە بەیاننامەیەکدا كە ئاژانسی تەسنیمی ئێران بڵاویكردووەتەوە و تۆڕی 964 بینویەتی، رایگەیاند تۆمەتەکانی پەیوەست بە چۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق راست نین و تا ئێستاش باڵیۆزخانەکە لە کاردایە.
لەگەڵ ئەوەشدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتی نەكردەوە، كە وڵاتەكەی بەشێك هێز و راوێژكارە سەربازی و دیپلۆماتكارەكانی لە دیمەشق دەگەڕێنێتەوە ئێران.