پشکنینەکان دەنێردرێن بۆ ئیتاڵیا
دوو گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە و پشکنینی DNA بۆ ئەنفالکراوەکانی کۆیە دەکرێت
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
لە ماوەی رابردوودا دوو گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوانی کۆیە و کەلار لە دەشتی سەماوە دۆزرانەوە، بە مەبەستی ناسینەوەی گۆڕەکان پشکنینی DNA بۆ تەواوی کەسوکاری ئەنفالکراوانی سنووری قەزای کۆی دەکرێت.
دوای وەرگرتنی خوێنی تەواوی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان پشکنینەکان دەنێردرێت بۆ وڵاتی ئیتاڵیا و لەوێدا کاری پشکنین و هاوتاکردنیان لەگەڵ گۆڕەکان بۆ ئەنجام دەدرێت.
تاڤگە حەمەساڵح، بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کۆیە، بە 964ـی وت، دوای دۆزینەوەی ئەو دوو گۆڕە بە کۆمەڵە، پشکنینی DNA بە چەند قۆناغێک بۆ تەواوی کەسوکاری ئەنفالکراوانی سنووری قەزای کۆیە دەکەین، سەرەتا تەنها بۆ تاقانەکان ئەنجام دەدرێت دواتر بە پێی قۆناغەکە بۆ ئەوانی تریش ئەنجام دەدرێت.
وتیشی، “لەبەر ئەوەی لە کوردستان هیچ ناوەندێکی پشکنینی DNAی تێدا نییە، بۆیە پشکنینەکان دەنێردێتە وڵاتی ئیتاڵیا بۆ ئەوەی هاوتاکردنی کەسوکارەکانی ئەنفال و گۆڕەکانیان ئەنجام بدرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ”بەڵێنمان پێدراوە، دوای ئەوەی لە پشکنینەکە دەردەچێت کە ئەو گۆڕانە هی کۆیەن، رووفاتەکانیان دەهێندرێتەوە بۆ کۆیە ولیرە بەخاک دەسپێردرێن”.
ژمارەی ئەنفالکراوەکان لە سنووری قەزای کۆیە 866 کەسە، لەو ژمارەیە رووفاتی 172یان لە دەشتی سەماوەوە هێندراوەتەوە کوردستان و لە چەمچەماڵ نێژراون.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر