لە تەل رەفعەت و شەهبا
مەزڵوم عەبدی: کار بۆ دەربازکردنی خەڵکەکەمان دەکەین لە حەلەب
964+
ژووری هەواڵ
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “کار بۆ بردنەدەرەوەی خەڵکەکەمان دەکەین لە ناوچەکانی تەل رەفعەت و شەهبا بەرەو ناوچەیەکی سەلامەت”، بەڵام گروپە چەکدارەکانی پشتیوانکراو لەلایەن تورکیاوە رێگریان لێدەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 2.12.2024، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، “ویستمان رێرەوێکی مرۆیی لەنێوان ناوچەکانمان لە حەلەب و تەلرەفعەت بکەینەوە، بەڵام هێرشی گرووپە چەکدارەکانی پشتیوانکراو لەلایەن تورکیاوە ئەو رێرەوەیان بڕی.”
بە وتەی مەزڵوم عەبدی، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە گەڕەکە کوردینشینەکانی حەلەب هێشتا لە حاڵەتی بەرەنگاربوونەوە و بەرگریدان و بەرەنگاری چەند هێرشێکی چڕ بوونەتەوە.
مەزڵوم عەبدی، راشیگەیاندووە، رووداوەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە شێوەیەکی خێرا و لەناکاو پەرەیانسەند و سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی رووخان و کشانەوە.
باسی لەوەشکردووە، کاردەکەن و لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە پەیوەندیدان بۆ هێنانەدەرەوەی خەڵکەکەمان لە ناوچەکانی تەلرەفعەت و شەهبا و گواستنەوەیان بۆ ناوچەیەکی سەلامەت لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.