"لەپێناو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان"
لە خورماتوو هەڵمەتی دابەشکردنی حەبی کلۆر بەسەر ماڵاندا دەستیپێکرد
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە پێناو پاراستنی تەندروستیی هاوڵاتیان، تیمەکانی تەندروستی و فەرمانگەی ئاوی دوزخورماتوو، ھەڵمەتی دابەشکردنی حەبی کلۆریان بەسەر ماڵاندا دەستپێکردووە.
هەر ماڵێک چەند شریتێکی حەبی پێدەدرێت و بۆ هەر 100 لیتر ئاوێک، دوو دەنک حەبی کلۆری تێدەکەن، گەر تانکیەکانیان لەو رێژەیە ئاوی زیاتری گرت، دەبێت حەبی زیاتری بۆ بەکار بهێننن، بۆ ئەوەی لە مەترسی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەیان پارێزراوبن، ھەروەھا ھاوڵاتیان ھەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن سەردانی تەندروستیی شارەکە بکەن لە بنکەی تەندروستیی عەسکەری حەبی کلۆر وەربگرن.
محەمەد ئەکبەر، برپرسی تەندروستیی خورماتوو بە 964ـی وت، “هەڵمەتەکەیان بەردەوام دەبێت و تیمەکان بەردەوام لە ناو گەڕەکەکاندا دەسوڕێنەوە و حەبی کلۆر بەسەر ماڵاندا دابەش دەکەن و پاشان هاوڵاتیان خۆیان حەبەکە بەکار دەهێنن و لە ناو تانکی ئاوی حواردنەوەکانیان دەکەن”.
ئیسماعیل مستەفا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، “چەندین جارە داوامان لە سەرچاوە ئاوییەکانی سەڵاحەدین کردووە، چی بە دروستکردنی ژمارەیەک بیری ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی قەزاکە، یان ئامێرى پێویست و پێشکەوتوومان بۆ دابین بکرێت، کە بتوانین بە تەواوى پڕۆژە ئاوەکە، لە پاشماوە پیسییەکان پاک بکەینەوە، بەڵام هیچ کام لەو داواکارییانەمان بۆ جێبەجێنەکراوە، بۆیە دەمانەوێت لە رێگەی ئەم هەڵمەتەوە ژیان و تەندروستیی هاوڵاتیان پارێزراو بێت”.
سەرچاوەی ئاوی خواردنەوی ماڵانی قەزاکە تاکە پڕۆژەیەکی ئاوە، کە سەرچاوەکەی لە ئاوی دوکانەوە دێت و بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تەندروستیی قەزاکە، بەهۆی پانتایی زۆری پڕۆژەکە و نەبونی مەرجەکانی تەندروستی تێیدا، ئاوەکە شیاوی خواردنەوە نییە و خواردنەوەی هۆکارێکە بۆ دروستبوونی کێشەکانی تەندروستی بۆ هاوڵاتیان.
پێداچوونەوە: هاوبەش