پردێک داڕماوە و مەترسی دروستکردووە
باران و لافاو رێگای دووسایدی نێوان زەڕایەن – دەربەندیخانی کرد بە یەکساید
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
بەشێک لە پردی سەر رێگای نێوان زەڕایەن – دەربەندیخان داڕماوە و مەترسی بۆ سەر شۆفێران دروستکردووە.
ئاوارە حەمەشەریف، بەڕێوبەری ناحیەی زەڕایەن بە 964ـی وت، “زیاتر لە دوو ساڵە لەهەوڵداین دوو پرد لەسەر رێگای سەرەکیی شارەزوور بۆ دەربەندیخان دروست بکەین، کارەکەش بە کۆمپانیایەکی جێبەجێکارسپێردراوە، بەڵام بە تەواونەکراوی پرۆژەکەی جێهێشت”.
“ئەمساڵ توانیمان لەسەر بودجەی بەڕیوبەرایەتی رێگاوبانی سلێمانی و بەگوژمەی زیاتر لە 50 ملیۆن دینار پردێکیان تەواو بکەین، بەڵام پردی دووەم بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە، بەشێک لە خۆل و رێگاکەی سەری داتەپیوە و مەترسی بۆ شۆفێران دروستکردووە”، ئاوارە حەمەشەریف وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنوری ناحیەی زەڕایەن رێگاکان هەمووی دووسایدن، تەنها لەو شوێنەی کە رێگاکە داڕماوە و درێژییەکەی 100 مەتر دەبێت، کراوە بە یەک ساید، ئەوەش لەگەڵ چاککردنەوەی دەبێتەوە بە دووساید.
بەڕێوبەری ناحیەی زەڕایەن وتیشی، لە سبەینێوە دەستدەکەن بە دانانی بۆرییەکانی ژێر پردەکە و لە دوو رۆژدا چارەسەری سەرەتایی بۆ دەکەن، دوای هێوربوونەوەی کەشوهەواش، رێگاکە قیرتاو دەکەنەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری