دابەشکردنی مووچە - وێنە: 964
هێشتا موچەی مانگی 10 نەهاتووە
لیستی موچەی مانگی 11 رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا
964+
شۆڕش قادری
هێشتا موچەی مانگی 10ـی موچەخۆرانی کوردستان نەهاتووە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم دەڵێت، لیستی موچەی مانگی 11ـی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ سێشەممە 26.11.2024 لیستی موچەی مانگی تشرینی دووەمی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕال کراوە”.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە 25.11.2024 بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنە کوردیيەکان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدڕالی لەسەر بودجە و موچەی هەرێم کۆبوونەوە.
دواتر سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەلەمانی عێراق بە 964ـی وت، ئەوان بە سەرۆکی دادگای فیدڕالییان وتووە، هاوکاریان بێت لەوەی لێکدانەوەی جیاواز بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی نەکرێت و ئەوەندە بە ناوی ئەوانەوە قسە نەکرێت.
وتیشی، ئێستا لە عێراق ئەوە دەوترێت کە پشکی هەرێم تەواو بووە و بودجە نانێردرێت، ئەوەش پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدڕالییە.
تا ئێستا موچەی مانگی 10ـەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم دابەش نەکراوە و چارەنوسی موچەی مانگی 11ـەو 12ـەش بە نادیاری ماوەتەوە و هیچ بڕە پارەیەکێش لەلایەن بەغداوە بۆ موچە رەوانەی هەرێم نەکراوە.