روونکردنەوەیەکیان بڵاوكردەوە
نووسینگهی سهرۆكی حكومهتی ههرێم وەڵامی زاوای سەدام حوسێن دەدەنەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لێدوانی زاوایەكی سەدام حوسێنی دیكتاتۆری پێشووی عێراق بەدرۆخەنەوە، كە لە بارەی كیمیابارانی هەڵەبجە لە رۆژنامەیەكی عەرەبیدا كردوویەتی و باسی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كردووە.
راگەیاندراوەكەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە ئەمشەو “دووشەممە 25.11.2024” بڵاوكراوەتەوە، بەم جۆرەیە:
کەسێک بە ناوی جەمال مستەفا تکریتی کە زاوای دیکتاتۆری پێشووی عێراقە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (الشرق الأوسگ)دا، نکوڵی لە کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە دەکات کە لەلایەن رژێمی بەعسی پێشووی عێراقەوە ئەنجام درا، بۆ ئەمەش بەڵگە بە لێدوانێکی هەڵبەستراوی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەهێنێتەوە کە گوایه گوتوویەتی (دوو فڕۆکەی ئێرانی هەڵەبجەیان کیمیاباران کردووە) ! ئەم لێدوانە هیچ بنەمایەکی نییە و دروستکراوە و سەرۆکی حکومەت هیچ کاتێک لێدوانی وای نەداوە .
ئەنجامدەرانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەش، زۆر دیار و ئاشکران و هەموو بەڵگەکان هەن کە ئەنجامدەرەکەی رژێمی پێشووی عێراقە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان