"دەیانەوێت کەرتی پیشەسازی هەرێم لاواز بکەن"
رێگرییەکانی حکومەتی عێراق چەندین کارگەی لە کوردستان داخستووە
964+
شۆڕش قادری
بەقسەی سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، سێ مانگە حکومەتی عێراق رێگری لە رەوانەی کردنی بەرهەمی ناوخۆی کوردستان بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکات و ئەوەش بووەتەهۆی ئەوی کە چەندین کارگە لە سلێمانی دابخرێن.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی بە 964ـی وت، “ماوەی سێ مانگە لە بازگەکانی عێراق رێگری لە ناردنی بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان دەکرێت، هەرچەندە چەندین جار لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا دانیشتووین و گفتوگۆمان کردووە و هەموو زانیارییەکی کارگە و کۆمپانیاکانمان بۆ ناردوون، بەڵام عێراق سورە لەسەر ئەوەی دەبێت سەرجەم کارگە و کۆمپانیاکان لە بەغدا مۆڵەت وەربگرن”.
“ئەمە نە یاسایی و نە دەستوورییە، چونکە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی هەیە مۆڵەت بداتە کارگەکان”، نەوزاد غەفور وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 6000 کارگەی گەورە، مامناوەند و بچووک لە سلێمانی تۆمار کراون، بەڵام ئێستا 4200 کارگە لە کاردان.
نەوزاد غەفور دەشڵێت، “یەکێک لە بیانووەکانی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق ئەوەیە، چەند بەرهەمێک بەناوی بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان نێردراون بۆ عێراق، بەڵام کارگەی ئەو بەرهەمانە لە هەرێمی کوردستان نین.”
لەبارەی ئەو گومانانەوە سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی وتی،”چەند جارێک جەختمان کردووەتەوە کە عێراق شاندێکی بنێرێت بۆ لێکۆڵینەوە، ئەگەر گومانەکانیان راست دەرچوو ئەوە دەتوانن رێکاری یاسایی بگرنەبەر، بەڵام ئەوەی عێراق دەیڵێت تەنیا گومانە و ئەوەی دەیڵێن بۆ لاوازکردنی کەرتی پیشەسازیی هەرێمی کوردستانە.”