ماوهى سێ مانگ كاریان لهسهر كردووه
ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش دهڵێت “ویلایهتى كوردستان”ى داعشیان ههڵوهشاندهوه
964+
ژێوار خدر
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش دهڵێت، گروپێکی چەکداری داعشیان هەڵوەشاندەوە کە لەژێر ناوی “ویلایەتی کوردستان” پیلانی بەستنەوەی پەیوەندی شانە نوستووەکانی داعشیان لە کوردستان و عێراق لەگەڵ تیرۆریستان لە وڵاتانی تورکیا و ئێران داڕشتبوو.
لە راگەیاندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی كه ئەمڕۆ یەکشەممە 24.11.2024 بڵاویکردووەتەوە ئاماژه بهوهدهكات، زیاتر له سێ مانگ لێكۆڵینهوه و ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنیان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر، هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و فرۆکە جەنگییەکانی عێراق ئەنجامداوە.
دەشڵێت، لە چەند چالاکییەکدا کە بە مەبەستی دەستگیرکردنی ئەندامانی گروپی تیرۆریستی داعش و هەڵوەشاندنەوەی (ویلایەتی کوردستان) لە سنووری سلێمانی، کەرکوک، هەڵەبجە، رانیە، تەکیەی جەباری، تەکیەی کاکەمەند، ناوچەی شارەزوور، ناڵپارێز، دەربەندیخان، پیرەمەگرون، قۆپییەکانی قەرەداغ، ناوچەی سەنگاو، جەبەل بۆر، چیای زەمبوور، ناوچەی ناوشوان، گوندی ژاژ لە نزیک قەزای چەمچەماڵ، تەقتەق و شاخی قەرەسرد، چەندین ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە.
روونیشیکردووەتەوە، پیلانی چەکدارانی داعش لە ویلایەتی کوردستان جگه له بەستنەوەی پەیوەندی شانە نووستووەکان لە کوردستان و عێراق لەگەڵ تیرۆریستان لە وڵاتانی تورکیا و ئێران، هەروەها بە جلوبەرگی سەربازیشەوە بازگەی کاتیان داناوه بۆ رفاندنی بازرگانان کۆکردنەوەی پارە و ناردنی بۆ رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
ئاسایش دهڵێت “لە کۆی ئەم پڕۆسەیەدا سێ شەهیدمان بەخشیوە، دووانیان له بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و سێیهمشیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بووه، لەگەڵ برینداربوونى شهش کەس كه سیانیان کارمەندی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق بوون.”
باسی لەوەشکردووە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکاندا پێنج تیرۆریستی داعش کوژران و 14ـى دیکەش دەستگیرکران و دەستیشگیراوە بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنی و پشتێنی خۆکوژی و دوربینی سەربازی (حەراری) سەرجەم مۆڵگەکانیانشیان خاپوور کراون.