لە دێرەلووکی دهۆک روویداوە
هەورەبروسکە کارەبای موەلیدە و نیشتمانیی ژمارەیەک ماڵی پچڕاند
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
هەورە بروسکەیەک بەر ماڵێکى ناحیەى دێرەلووک کەوت و زیان بە ماڵەکە و ژمارەیەک لە ماڵە دراوسێکانی گەیشتووە، بە گوێرەی سۆراغەکان ئامێری کارەبای دراوسێیەکانیش سووتاون و کارەبای موەلیدەی گەڕەکیش لە کارکردن وەستاوە.
ناحیەی دێرەلووک دەکەوێتە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، ناوچەیەکی باراناوییە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2024.11.19، لە نێوان کاتژمێر 4:30 بۆ 4:45 هەورە بروسکەکە روویداوە و جگە لە بچڕانی کارەبا، زیانە بەسەربانی ماڵەکە کەوتووە و بەشێک لە دیکۆری پێشەوەی رووخاوە، کەلوپەلی کارەبای ماڵەکە و زیاتر لە 15 ماڵ ئامێری کارەباییان سووتاون و کارەبای گشتی بچراوە و کارەبای موەلیدەیش سووتاوە .
نزار نێروەی، خاوەنی ماڵەکەیە ئەو 964ـی وت، لە پڕ گوێمان لە دەنگێکی زۆر بەهێزی هەورە بروسکە بوو، کارەبای گشتیمان بچڕا و زانیم لە ماڵەکەمانی داوە و زیان بەر ژوورێکی لە سەرەبانی ماڵەکە و دیوارەکەمان گەیشتووە، هەموو ئامێرە کارەباییەکانیش سووتاون.
وتیشی، دوای دەنگەکە چووینە دەرەوە و دراوسێکانمان کارەبای موەلیدەکەیان سووتاوە و ئامێرە کارەباییەکانی وەک تەلەفزیۆن و ساردکەرەوە و گەرمکەرەوە و پلاکی کارەبایییان سووتاون و زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە.
ئەو خاوەن ماڵە ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیسی دێرەلووک سەردانی سەرجەم ئەو ماڵانەیان کردووە، کە زیانیان پێ گەیشتووە و ناوەکانیان تۆمارکراون.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا