دانیشتوانى گوندى گابەرەکە

 سەرژمێرى دەکەن بە سەنگى مەحەک بۆ کوردستانى بوونى خاکەکەیان

964+

وریا فەتاح

هەموو دانیشتوانى رەسەنى گوندى گابەرەکە بۆ سەرژمێرى دەگەڕێنەوە گوندەکەیان و ماوەى مانگێکە لیژنەیان پێکهێناوە و ئامادەکاریان کردووە بۆ پڕۆسەکە.

گوندى گابەرەکە کاتى خۆى سەر بە دەشتى کەندێناوەى پارێزگاى هەولێر بووە، بەڵام لە ساڵى 1975 خراوەتە سەر پارێزگاى کەرکوک.

لە ساڵى 1963 گوندەکە سوتێندراوە و دانیشتوانەکەى تەعریب کران، بەڵام خەڵکە رەسەنەکەى لە 1967 جارێکى دیکە گەڕانەوە و گوندەکەیان ئاوەدان کردەوە، تا ئەو کاتەى لە ساڵى 1987 لە چوارچێوەى پڕۆسەى راگواستن لە گوندەکە دەرکرا و دووبارە تەعریب کرایەوە.

وەک ئەوەى دکتۆر شێرکۆ کرمانج، نوسەر و ئەکادیمیست و دانیشتوى رەسەنى گوندەکە بە 964ـى وت،”ئێستا 10 بۆ 15 ماڵ لە گوندەکە ماون، بەڵام بۆ پڕۆسەى سەرژمێرى تەواوى دانیشتوانە رەسەنەکەى گەڕاونەتەوە و بەشدارى دەکەن”.

ئەو باسى لەوەکرد، هیچ گوندێک لە تەواوی کوردستان بە هێندى گوندی گابەرەکە “زێدی دایک و باوکم”، ئامادەکاریی نەکردووە بۆ سەرژمێریی.

“مانگێک دەبێت لە گابەرەکە لیژنەیەکی ئامادەکاریی لە خۆبەخشانی دڵسۆزی خاک و نیشتیمان پێک هاتووە، لە ماوەی سێ حەفتەی رابردوودا کەم کەس هەیە کە بە رەسەن خەڵکی گابەرەکە بێت و پەیوەندی پێوە نەکرابیت و دۆکیۆمێنەتەکانی لێ وەرنەگیرابێت بۆ ناونووسکردنی سەرەتایی”، شێرکۆ کرمانج واى وت.

وەک باسى دەکات، دانیشتوانى رەسەنى گوندەکە گەڕاونەتەوە بۆ سەرژمێرى و ژن و منداڵەکان لەو چەند خانوو و ماڵەدا جێکراونەتەوە کە لەوێ ماون و گەنجان و پیاوانیش خێوەتیان هەڵداوە و لە ژێر خێوەت دەمێننەوە.

 سەرژمێرى دەکەن بە سەنگى مەحەک بۆ کوردستانى بوونى خاکەکەیان

ئەو رەخنە لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و دەسەڵاتداران دەگرێت و دەڵێت، رۆژانە کرداری وا دەنوێنن کە مرۆڤ رقی لە کوردبوون و کوردستانییبوون بێتەوە، بەڵام کە دەستپێشخەرییەکی وا دەبینی، کە کرداری لەو جۆرە دڵسۆزییە بۆ خاک و نیشتیمان دەبینی، تێدەگەیت کە نەتەوەکەمان بۆ تا ئێستا بە زیندووی ماوەتەوە. ئەوە خۆیەتی خۆی پاراستووە نەک بەناو سیاسییەکانی.