كۆبوونەوەیەكی فراوان كرا
1118 بژمێر سەرژمێریی سۆران ئەنجامدەدەن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ئامادەكاریی بەڕێوەچوونی سەرژمێری لە ئیدارەی سەریەخۆی سۆران بەڕێوەچوو، ژمارەی بژمێر و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیارانی پرۆسەكەش لە سۆران راگەیاندرا.
راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڵاویكردەوە، بە مەبەستی جێبەجێكردنی بڕیار و رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تایبەت بە پرۆسەى سەرژمێری گشتی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ دووشەممە كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچوو.
كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران حەكیم تێلی بە بەشداریی بەڕێوەبەری ئاماری ئیدارەى سەربەخۆی سۆران و نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی، پەروەردە، كشتوكاڵ، پۆلیس، ئاسایش، چاپ و بڵاوكردنەوە، وەرزش و لاوان بەڕێوەچوو.
وەك لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی چۆنیەتی هاوکاریی هێزە ئەمنییەكان کرا، کە پاڵپشتیی تیمەكان بکەن بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و هاوكات بڕیاردرا تیمەكانی تەندروستی و پۆلیسی هاتوچۆ لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، لە ئامادەباشیدابن.
لە رۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە هەرێمی كوردستان و عێراق ئەنجام دەدرێت، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیشدا 1180 بژمێر لە لایەن 550 بەڕێوەبەر و چاودێرەوە لە 6 قەزا و 19 ناحیە لە سەنتەری قەزاكانەوە سەرپەرشتی پرۆسەكە دەكەن.