بۆ رێگەخۆشکردن بۆ سەرژمێری
سبەینێ لە کەرکوک کرایە پشوو
964+
شۆڕش قادری
سبەینێ لە کەرکوک کرایە پشوو و دەوام لە سەرجەم فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندن رادەگیرێت.
پارێزگای کەرکوک لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بە بڕیاری رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک و سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ سەرژمێریی گشتی، سبەی سێشەممە 19.11.2024 لە سەرجەم فەرمانگەكان و زانکۆ و پەیمانگا و و قوتابخانەکان، دەوام نابێت و پشوو دەبێت”.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو بڕیارە بە ئامانجی رێگەخۆشكردنە بۆ سەرکەوتنی هەوڵەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، بە مەرجێک بەشی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی، شارەوانییەکان، ئاو، ئاوەڕۆ، تەندروستی و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان کارەکانیان رێکبخەن بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان.
پارێزگاری کەرکوک داوا لە سەرجەم هاوڵاتیانی شارەکە و خوێندکاران دەکات، هاوکار و پاڵپشتی هەوڵی بژمێرەكان بن بۆ کارکردن لەسەر سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان.
ئەوەش لەکاتێکدایە لە کەربەلا و چەند شوێنێکی دیکەی عێراق سبەینێ سێشەممە بۆ هەمان مەبەست پشووی فەرمییە و دەوامی دامودەزگا حکومییەکان راگیراوە.
هاوکات لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش پشووی فەرمییە و پێشتر بڕیاری بۆ دەرچووە.