لە هەولێر
پاسێک وەرگەڕا و ژنێک گیانی لەدەستدا
964+
شۆرش هەرکی – هەولێر
لە گەڕەکی کەسنەزانی هەولێر پاسێک وەرگەڕا و ژنێک گیانی لەدەستدا.
رێباز بریندار شایەتحاڵێکی رووداوەکە و دانیشتووی ناحیەی کەسنەزان بە964ـی وت، ” کەمێک لەمەوبەر پاسێکی هێلی کەسنەزان- بازاڕ وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە ژنێکی سەرنشینی ناو پاسەکە گیانی لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بەهۆی رووداوەکەوە زیانی ماددی بە تەکسی و کیایەکی بارهەڵگر کەوتووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ یەکشەممە 17.11.2024 رۆژی جیهانیی قوربانیانی هاتوچۆ بوو و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێریش لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ رووداوەکانی هاتوچۆ کەمیکردووە.
پابەندنەبوونی شوفێران بە یاساو رێنماییەكانی هاتوچۆ، هەڵەشەیی و خێرا لێخوڕین، لێخوڕین لەژێر کاریگەری ماددە کحولیەکان، سەرقاڵی شۆفێران لەکاتی لێخوڕیندا، بەتایبەتی بە بەكارهێنانی مۆبایل و بەکارهێنانی سۆشیال میدیا لەکاتی شوفێری کردن و کەمی هۆشیاری گهنجان و شۆفێران بە بنەماکانی لێخوڕین، ئهو هۆكاره سهرهكیانهن كه هاتوچۆى ههولێر دهستنیشانى كردوون بۆ دروستبوونى رووداوهكانى هاتوچۆ.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری