بەسڕە
شەمەندەفەرێك خۆی بە بارهەڵگڕێكدا كێشا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە قەزای زوبێر سەر بە شاری بەسڕە، ئەمشەو شەمەندەفەرێك كە نەوتی لە بەندەری ئوم قەسڕ باركردبوو، خۆی بە بارهەڵگرێكدا كێشا لە جۆری ئەكترۆس.
بارهەڵگرەكە لمی باركردبوو، لە نزیك فلكەی خۆر زوبێر بە ئاراستەی رێگای سەفوان – زوبێر لەگەڵ شەمەندەفەرەكە بەیەكیاندادا، لە ئەنجامدا شۆفێری شەمەندەفەرەكە و شۆفێری بارهەڵگرەكەش بریندار بوون.
شایەتحاڵێكی رووداوەكە بە 964ی وت، شەمەندەفەرەكە بەرەو یەكێك لە پارێزگاكان دەڕۆیشت، لەگەڵ بارهەڵگرەكە “تڕێلە” بەیەكیاندادا و هەردوو شۆفێر بریندار بوون.
بارهەڵگرەكە وەرگەڕا و لمەكە رژایە سەر شەقامەكە، هەردوو شۆفێر ئاگایان لە یەكتر نەبوو، كە بەریەككەوتن، ئەمە قسەی شایەتحاڵەكەیە بۆ 964.
وتیشی، یەكەمجار نییە رووداوێكی لەو جۆرە لە ناوچەكە رووبدات، بە تایبەتی كە هێشتا نازانین كاتەكانی تێپەڕینی شەمەندەفەر چ كاتێكە.