یەک دۆنم 30 کیلۆی دەوێ

لە دەشتی شارەزوور وەرزی وەشاندن و چاندنی پاقلەیە

964+
ئەحمەد مستەفا

ژمارەیەک جوتیار، لە دەشتی شارەزوور دەستیان کرد بە چاندنی پاقلە، زەوییەکانیان بارانی پێویستی بەرکەوتووە و دەستیان کردووە بە کێڵاندنی، تا مانگی نیسان و ئایاری ساڵی داهاتوو چاوەڕێی پێگەشتنی دەکەن.

پاقلە لە هەرێمی کوردستان، لەسەرەتای مانگی 11 وە دەستدەكرێت بە چاندنی و چەندین جۆری هەیە، لەوانە سۆمەر، پاقلەی دوو دەنك و چواردنك، جۆری سۆمەرەكەی بازاڕی خێرایە و زوو دەفرۆشرێت.

بڕی تۆو بەپێی، کاتی چاندن، کاتی پێگەیشتن، بڕی بەرھەم دەگۆڕێت بەپێی شوێنی جوگرافی و کەشوھەوا.

فەڵاح کوڵکنی کە یەکێکە لە جوتیارە نموونەییەکانی دەشتی شارەزوور، لە گوندی کوڵکنی قەزای خورماڵ دادەنیشێت، ئەو مەکینە و گاسنی هێناوەتە سەر زەوییەکەی و دەستی بە چاندنی کردووە و دەڵێت، ئەوەی ئەو دەیچێنێت جۆرێکی ئیسپانییە کیلۆی بە دوو هەزار و 500 دینار کڕدراوە.

فەلاح بۆ هەر دۆنمێک لە رووبەری زەوییەکە، 30 کیلۆ پاقلە دەوەشێنێ، بەڵام دیار نییە بڕشتەکەی چەند دەبێت، ئەوە لەکاتێکدا ئەم پاقلە، لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق خواستی لەسەرە و بەشێکی لە بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ساغ دەکرێتەوە.