لە زانکۆی راپەڕین
ئەگەر نمرەکە 55 بێت فەلسەفە وەرت دەگرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
لە کاتێکدا بەهۆی نەبوونی خواست لەسەری زۆرینەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەشی فەلسەفە -یان داخستووە، بەڵام زانکۆی راپەڕین هێشتا نیازی هەیە خوێندکاری بۆ وەربگرێ.
ئەوەتا لە بڵاوکراوەیەکدا لە فەیسبووکی خۆی دەڵێت، هەرکەس ئارەزوومەندە بە شێوەی راستەوخۆ، ئەگەر تێکڕای نمرەی 55 کەمتر نییە وەریدەگرن.
ساڵی 2022 لە هەولێر یەک خوێندکار بەشەکەی پڕ کردبوویەوە، ساڵی 2023 خواست لەسەری بۆ 0% دابەزی، ئەوەش بەپێی قسەی بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەمساڵ زۆرینەی زانکۆکان کە ئەو بەشەیان هەبوو دایانخست، خەتاب عومەر، کە سەرپەرشتی ناوەندی وەرگرتنی کرد لە وەزارەتەکە بۆ 2024-2025 لابردنی ئەو بەشە لە لیستی زانکۆلایندا راگەیاند.
ئەوە هاوکاتە لەگەڵە ئەوەی، بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی زانكۆی راپەڕین، لە بڵاوکراوەیەکدا ئاگاداری دەرچووانی ئەمساڵ و ساڵانی پێشووتر دەکاتەوە بە هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی، کە لە ئەمڕۆ دووشەممەوە 11.11.2024، دەتوانن سەردانی تۆماری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکان بکەن، بەمەبەستی وەرگرتنی فۆڕمی راستەوخۆی تایبەت بە بەشی فەلسەفە.
زانکۆی راپەڕین تەنیا یەک مەرجی هەیە، ئەویش ئەوەیە کەسی فێرخواز، پێویستە تێکڕای نمرەکەی لە 55 کەمتر نەبێت.