رێگای ناوتاقیش 35%ـی تەواو بووە
بەدروستکردنی بەرزەپردێک دەربەندیخان و ناوچەی ژاڵەناو بەیەکەوە دەبەسترێتەوە
964+
توانا نەقی
ناوچەی ژاڵەناو یەکێکە لە ناوچە گەشتیاریەکانی قەزای دەربەندیخان و دەکەوێتە ئەو دیوی رووباری سیروان ئێستا بڕیار دراوە بە دروستکردنی بەرزەپردێک ببەسرێتەوە بە قەزای دەربەندیخانەوە.
دوای سەردانی ئەو ناوچەیە لەسەر داوای قایمقامی ناوچەکە وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێم بڕیاری دروستکردنی بەرزە پردێک بۆ بەستنەوەی راستەوخۆی ڕێگای (دەربەندیخان – ژاڵەناو – بناری بەمۆی داوە.
قایمقامیەتی قەزکە دەڵێت، جگە لەوەش بڕیار دراوە، تەواوکردنی رێگای کەلار – دەربەندیخان درێژبکرێتەوە تاوەکو دووڕیانی گومرگی کۆنی دەربەندیخان و سەرەتای سەنتەری شار بخرێتە سەر پرۆژەی رێگاکە.
لەلایەکی دیکەوە پرۆژەی رێگای دەربەندیخان – ناوتاق – زەڕایەن بەردەوامە و تا ئێستا لە 35%ـی کارەکانی تەواو بووە و بەمنزیکانە کارەکانی رێگاکە 50%ـی تەواودەکرێت و بەمەش قیرتاوکردن لە گوندی بەردەکەڕەوە تاکو گوندی چەمەرگە تەواو دەکرێت، هەروەها لەئەگەری تەرخانکردنی بودجەی پێویست لە هاوینی داهاتودا بەتەواوی رێگاکە تەواو دەکرێت.