خەڵکی هەموو شارەکانن
ئەمساڵ لە نەخۆشخانەی هیوا سێ هەزار و 151 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراوە
964+
ژووری هەواڵ
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 151 تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش دەڵێت، تووشبووەکان خەڵکی هەموو هەرێم و عێراقن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7.11.2024، د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەشى نەشتەرگەری بۆ نەخۆشانى شێرپەنجە کە چوار ژوور و شەش بێدى چاودێریى ورد لەخۆ دەگرێت، لەناو نەخۆشخانەى جەمالى حاجى عەلى لە چوارچێوەى نەخۆشخانەى هیوا دەکرێتەوە، دەشڵێت “ژمارەی تووشبوو بە نەخۆشییەکە گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە”.
ئەمساڵ پێنج هەزار و 866 کەس سەردانى نەخۆشخانەیان کردووە، کە سێ هەزار و 151 کەسیان تووشبووى شێرپەنجە بوون، ژمارەی تووشبووانی ساڵی رابردووش گەیشتووەتە سێ هەزار و 556 کەس.
“ئەو ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە کە لەلایەن نەخۆشخانەی هیواوە بڵاو دەکرێنەوە، هەمووان تایبەت نین بە سەنتەری شاری سلێمانی، بەڵکو تووشبووی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیشی تێدایە؛ هەر بۆیە ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن ‘شاری سلێمانی بووەتە چەقی تووشبوون بە شێرپەنجە’ دوورن لە راستییەوە”، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا وای وت.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا پێی وایە “ئەگەر بەراوردی ئامارەکانی ساڵی 2023 لەگەڵ 10 مانگی رابردووی ئەمساڵ، بە هەژمارکردنی هەردوو مانگی 11 و 12 بکەین؛ گۆڕانێکی ئەوتۆ لە ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەدا رووینەداوە و لە یەکدییەوە نزیکن”.