داواکراوە چالاکی “جێندەر” لە فەرمانگە حکومییەکان قەدەغەبکرێت

964+

توانا نەقی

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە نوسراوی فەرمی سەرجەم ئەو چالاکییانەی کە پەیوەستە بە پرسی جێندەر لە فەرمانگە حکومییەکان داوا دەکات قەدەغە بکرێت.

بەپێی نوسراوێک کە رۆژی 30ی کانونی دووەم، بە واژۆی بەرزان محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڵاوکراوەتەوە تێێدا بەڕێوەچونی چالاکییەکانی جێندەر لەناو بینای  فەرمانگە حکومییەکان قەدەغە دەکات.

هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە ئەو جۆرە چالاکیيه دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا و مەترسی لەسەر گەنجان و نەوەکان درووستدەکات.

بەرزان محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی964ی راگەیاند، ئەوە تەنها نوسراوێکە پێشتر چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا واژۆیان لەسەر ئەو بابەتە کۆکردوەتەوە.

دەشڵێت، ئەو نوسراوە فەرمان نییە و پێویستی بە دانیشتنی ئەنجومەن هەیە تا بڕیاری لەسەربدرێت.

لەماوەکانی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان، پرسی “جێندەر” لێکدانەوە و رای جیاوازی زۆر بەدوای خۆیدا هێناو تا ئێستاش بەشێک لەگەڵیین و بەشێکیش بەتەواوەتی رەتیدەکەنەوە لە کۆمەڵگای کوردیدا.