به‌ زیاتر لە یه‌ك ملیۆن دۆلار دروستكراوه‌

گه‌رمیان بووه‌ خاوه‌نى یه‌كه‌مین پڕۆژه‌ی كۆگاكردنى خۆراك و به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كان

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ سنوورى ئیداره‌ى گه‌رمیان پڕۆژه‌ی كۆگاكردنى خۆراك و به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كان ته‌واو كرا، ده‌بێته‌ یه‌كه‌مین پڕۆژه‌ى له‌م شێوه‌یه‌ كه‌ له‌ سنوروى ئیداره‌كه‌ دروست بكرێت، وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت، پڕۆژه‌كه‌ بۆ كۆگاكردن و پاراستنى ئه‌م به‌رهه‌مانه‌یه‌.

کۆمەڵگای کۆگای کشتوکاڵی سەرتەك، سێكته‌رى بازرگانییه‌ و له‌سه‌ر رووبه‌رى هه‌شت هه‌زار و 300 مه‌تر دووجا دروستكراوه‌، كه‌ بریتییه‌ له‌ دروستكردنى شه‌ش (جه‌به‌لۆن) كۆگاى گه‌وره‌، به‌ مه‌به‌ستى هه‌ڵگرتن و پاراستنى خۆراك و به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كان.

به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ى كه‌ له‌ نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان و خاوه‌ن پڕۆژه‌كه‌ كراوه‌، پڕۆژه‌كه‌ به‌ سه‌رمایه‌ى یه‌ك ملیۆن و 500 دۆلار، له‌  شارەدێی گردەگۆزینە، باشووری کەلار دروستكراوه‌.

چۆمان فه‌لاح، وته‌بێژى وه‌بره‌هێنانى ئیداره‌ى گه‌رمیان به‌ 964ـى راگه‌یاند، پێشتر چه‌ندین پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنانى كشتوكاڵی له‌سنووره‌كه‌یاندا جێبه‌جێكراوه‌، به‌ڵام وه‌كو ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ یه‌كه‌مجاره‌ دروستده‌كرێت.

وتیشی “به‌هۆى ئه‌وه‌ى ساڵانه‌ به‌رهه‌مێكی زۆرى كشتوكاڵى له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان له‌لایه‌ن جوتیارانه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌هێندرێت، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌ پێویست زاندرا دروست بكرێت”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، به‌هۆى ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌كه‌ وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رێكه‌وه‌ دروستكراوه‌، ئه‌وا له‌ به‌رامبه‌ر كۆگاكردنى هه‌ر به‌رهه‌مێكی خۆراكی و كشتوكاڵى بڕێك پاره‌ له‌ خاوه‌ن به‌رهه‌مه‌كان وه‌رده‌گیرێت.

روونیشیكرده‌وه‌، پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كه‌یانه‌وه‌ رادەستی وەبەرهێن کراوە و له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا ده‌كه‌وێته‌ كار.

وه‌به‌رهێنانى هه‌رێم: هیچ پڕۆژه‌یه‌كی راگیراومان ن...

وه‌به‌رهێنانى هه‌رێم: هیچ پڕۆژه‌یه‌كی راگیراومان نییه‌