وەڵامی رەخنەی لایەنەكانی هەڵبژاردن درایەوە

وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵا: هاردێك بهێنن بۆ وەرگرتنی تەواوی زانیارییەكان

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، وەڵامی ئەو لایەنە سیاسییانەی دایەوە بەشداریی هەڵبژاردنی كوردستانیان كردووە و رەخنەیان لە كاروباری كۆمیسیۆن و پرۆسەی هەڵبژاردن گرتووە، وتەبێژی كۆمیسیۆنیش بە كاندیدەكان دەڵێت هارد لەگەڵ خۆتان بهێنن و تەواوی زانیارییەكانتان پێدەدەین.

نەبەرد عومەر بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 24.10.2024 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان زۆر سەركەوتوو بوو، لە كۆی شەش هەزار و 318 بنكەی دەنگدان، تەنیا لە 26 بنكەدا كێشەیان هەبووە.

وتیشی، لە هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2021دا 197 هەزار دەنگی پووچەڵ هەبوو، لەوەی پەرلەمانی كوردستانیش 208 هەزار بووە، ئەم ئامارانەی لە وەڵامی ئەو رەخنانە بوو، كە لە بارەی زۆریی دەنگە پووچەڵەكان ئاراستەی كۆمیسیۆن كراوە.

نەبەر عومەر وتی، “بەراورد بە هەڵبژاردنەكەی 2021، ژمارەی دەنگە پووچەڵەكان ئاساییە، چونكە ژمارەی دەنگدەر زیادی كردووە”.

ئاشكراشی كرد، ئەمڕۆ یان سبەی وێنەی هەموو كارتەكانی دەنگدان دەدەنەوە بە لیست و حزبەكان، لەگەڵ ئەو شریتەی رۆژی دەنگدان رادەستیان كراوە بۆ بەراوردكردنیان.

هاوكات جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە گرووپی واتساپی رۆژنامەنووسانی تایبەت بە هەڵبژاردن، رایگەیاند، كاندیدە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن لە رێگەی ئۆفیسی كۆمیسیۆن لە شارەكانەوە، تەواوی زانیارییەكانیان لە بارەی دەنگدان و فۆرم و وردەكارییەكان پێدەدرێت و هەریەكەیان دەبێت هاردێكی چوار تێرابایت لەگەڵ خۆیان ببەن.

رۆژی 20.10.2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، كە دوو رۆژ زووتریش دەنگدانی تایبەت ئەنجامدرا، هێشتا ئەنجامی كۆتایی رانەگەیاندراوە، بەڵام ئەنجامە بەراییەكان راگەیاندراوە.

بەشدارى و بایکۆت لە هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان...

بەشدارى و بایکۆت لە هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان.