"چه‌ندین ساڵه‌ به‌ تاریكى مابوونه‌وه‌"

گوندەکانی سنووری خورماتوو بە دانانی ئینارە رووناک دەکرێنەوە

+964
سیروان خورشید – خورماتوو

له‌لایەن بەڕێوه‌بەرایەتیی بەشی کارەبای خورماتوو، ئینارە و تاوەری رووناککەرەوە بۆ گوندەکانی سنوری قەزاکە دادەنرێت و دەست بەبڕینی سەرپێچی سەر ھێڵەکانی کارەبای قەزاکەش دەستیپێکرد.

فازڵ عەباس، بەڕێوبەری بەشی کارەبای خورماتوو بە 964ـی وت، دانانی رووناککەرەوە بۆ گوندەکانی قەزاکە بەردەوام دەبێت، ئێستا لە گوندی شا سەیوان، لە باکووری قەزاکەوە دەستیانپێکردووە و لە یەکەم هەنگاویشیاندا زیاتر لە 100 ئینارە و ئامێرەکانی رووناککەرەوە داناوە لە جۆری LD 250 وات.
ده‌شڵێت، مەبەستمانە زۆربەی گوندەکان کە چەندین ساڵە تاریکن، رووناک بکرێنەوە و زیاتر ئاوەدانبن و ئێستا پڕۆژەی دانانی ئینارە و تاوەری رووناککەرەوە لە گوندەکانی باکووری قەزاکەوە دەستانپێکردووە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “لەمڕۆوە ھەڵمەتی بڕینی سەرپێچی سەر ھێڵەکانی کارەبا لە ناو سەنتەری قەزاکەدا دەستیپێکردووە و ئەو کێبڵانەی کە بە نایاسایی راکێشرابوون، سەرجەمیان دەپچڕێندرێن و ئه‌وانه‌ی سەرپێچیان کردووە، به‌ڵێننامه‌یان لێوه‌رده‌گیرێت و لە ئەگەری دووباره‌كردنه‌وه‌ی، ده‌درێنه‌ دادگا و سزا ده‌درێن.

ئیدارەی خورماتوو دەروازەی شار دەکات بە باخچە و سەوزایی

ئیدارەی خورماتوو دەروازەی شار دەکات بە باخچە و سەوزایی

ئەم هەنگاوەش دوای ئەوەدێت، کە ساڵانە لە وەرزی زستاندا بەهۆی راکێشانی بەشێکی زۆری کێبڵێ کارەبای نایاساییەوە لەلایەن ماڵان و دوکاندار و چێشخانەکانی خورماتووە، محاویلەیەکی زۆر دەسووتێن و لە کار دەکەون.

“ئەو بەشە کارەبایەی کە بۆ قەزای خورماتوو دیاریکراوە، 150 مێگاواتە و لە شاری کەرکوکەوە دابین دەکرێت”، بەڕێوبەری کارەبای خورماتوو وادەڵێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا