لە شارەزوور پێنج كەس بریندار بوون

بۆ چارەسەر چوو دووبارە تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو

+964

بڕوا مەجید – شارەزوور

لەسەر رێگای قەزای شارەزوور بۆ قەزای دەربەندیخان و بە دیاریکراوی  لە نزیک گوندی میرەدێ، ئۆتۆمبێلێک خۆی كێشا بە بەربەستێکی نزیک شەقامەکە و بەهۆیەوە پێنج کەس بریندار بوون و برینی یەکێکیان سەختە

کەمال محەمەد، لە راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە شارەزوور بۆ 964 وتی، “بەهۆی رووداوەکەوە پێنج کەس بە برینداری گەیەندراونەتە نەخۆشخانەكەمان، یەكێك لە بریندارەكان دوای چارەسەری سەرەتایی، بەهۆی ناجێگیریی تەندروستییەوە  رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کرا، چوار بریندارەکەی دیكە لە نەخۆشخانەن و باری تەندرووستیان جێگیرە وچارەسەری پێویستیان بۆدەکرێت”.

وتیشی، ئەو بریندارەی باری تەندروستی ناجێگیرە، سێ مانگ پێش ئێستا تووشی رووداوێكی دیكەی هاتوچۆ بووە و ئەمڕۆ بۆ چارەسەروەرگرتن و سەردانی پزیشك لەگەڵ ئەو كەسانەی دیكە چووەتە سلێمانی، بەڵام لە رێگا دووبارە تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا