کاریگەرى لەسەر ئەنجامەکان نابێت
“ئەو سکاڵانەى لاى هاوپەیمانێتى تۆڕ و رێکخراوەکانى چاودێرى تۆمارکراوە سوور نین”
964+
شۆڕش عەبدوڵا _ هەولێر
هاوپەیمانێتى تۆڕ و رێکخراوەکان رایدەگەیەنێت، بەپێى ئەو سکاڵایانەى لاى ئەوان تۆمارکراوە هەمان جۆرى ئەو سکاڵایانەن کە لە دەنگدانى تایبەت هەبوون، بەتایبەت نەخوێندنەوەى پەنجەمۆر و بردنەژوورەوەى مۆبایل و کرانە دەرەوەى بریکاران و چاودێران.
تۆڕەکە، لە دەنگدانى گشتى کە رۆژى 20.10.2024 بەڕێوەچوو، 124 سکاڵایان پێگەیشتووە.
ئەکرەم حەسۆ، چاودێری نێودەوڵەتی لە هاوپەیمانێتى تۆڕ و رێکخراوەکانى چاودێرى هەڵبژاردن بە 964ـى وت،” سکاڵاکان قورس نین و ئەنجامەکانیان پێناچێت کاریگەرى لەسەر ئەنجامەکان دروست بکات و سکاڵاکان سوور نین”.
لەبارەى درەنگ کەوتنى بنکەکانى دەنگدان، ئەو چاودێرە باسى لەوەکرد کە چەند حاڵەتێک هەبووە، بەڵام بەگشتى پڕۆسەکە بە باشى بەڕێوە چووە.
964 هاوبەشى میدیایى هاوپەیمانێتى تۆڕ و رێکخراوەکانى چاودێرى هەڵبژاردنە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح