ئاشکرا بوو

 یەحیا سنوار چۆن کوژرا؟

964+

وریا فەتاح

“یەحیا سنوار و ژمارەیەک چەکدارى حەماس لە خانوویەکدا لە رەفەح لە کاتى رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تانکێکى سوپاى ئیسرائیل کوژراوە”، رادیۆى ئیسرائیل وا دەڵێت.

بەپێى زانیارییەکانى رادیۆى ئیسرائیل بێت، لە ناوچەى تەل سوڵتانى رەفەح لە باشوورى غەزە، لە ناو خانوویەکدا ژمارەیەک چەکدارى حەماس و تانکێکى سوپاى ئیسرائیل رووبەڕووى یەکترى بوونەتەوە، تانکەکە چەند موشەکێکێکى گرتووەتە خانووەکە و چەند چەکدارێکى حەماس کوژراون.

وەک روونى کردووەتەوە، یەکێک لە کوژراوەکان یەحیا سنوار بووە، ئەفسەرێکی ئیسرائیلی تەرمەکەی سنواری ناسیوەتەوەو وێنەی ناردووە بۆ فەرماندەیی سوپا.

روونیشکراوەتەوە، سنوار پێشتر لای ئیسرائیلییەکان زیندانی بووە، بۆیە دوای کوژرانی تێستی خوێنی بۆ کراوەو بەراورد کراوە و بەرێژەی 90% لێی دڵنیابوون

ئاشکراشى کردووە، پڕۆسەى کوشتنى سنوار بەبێ زانیارى پێشوەختە بووە و تانکەکەى سووپاى ئیسرائیل بە رێککەوت چووەتە سەر ئەو خانووە، بەڵام دواتر کە شەڕەکە قورس بووە تیمێکى پەڕەشووتوان لە سوپاى ئیسرائیل بەشداریان کردووە.

کەمێک لەمەوبەر رادیۆى فەرمى سوپاى ئیسرائیل، بەفەرمى کوژرانى سنوارى راگەیاند.

لەلایەن ئیسرائیلەوە سنوار بە “رووخسارە شەیتانی”ـەکە ناوى دەهات، چونکە بە نهێنى کارى دەکرد و بەردەوان دەجوڵا، بەرپرسى سەرەکى و نادیارى حەماس بوو لە غەزە، لە 7ـى ئۆکتۆبەرى 2023ـەوە لە ناو خەڵکدا نەبینراوە.

سەرەڕاى ئەوەى هەنییە دەموچاوى حەماس و غەززە بوو، بەڵام سنوار بڕیار بەدەست و پلانداڕێژەى چالاکییەکانى حەماس بوو.

یەحیا سنوار کێیە؟
یەحیا ئیبراهیم حەسەن سنوار لە 29ـى ئۆکتۆبەری 1962 لە دایکبووە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی دەزگای ئەمنی بزوتنەوەی حەماس لە ساڵی 1985 کاری سەرەکی ئەم دەزگایە ئەوە بووە سیخوڕەکانی ئیسرائیل ئاشکرا بکات، محەمەد سنواری برایشی سەرکردەی دیاری کەتیبەکانی قەسامە، باڵی سەربازی حەماس.
ساڵی 1988 سنوار لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوەو سزای هەتا هەتایی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام ساڵی 2011 لە پرۆسەی گۆڕینەوەی (شاڵیت) ئازاد کراوە.
جلعات شاڵیت سەربازێکی ئیسرائیلی بوو لە لایەن حەماسەوە رفێندرا، ساڵی 2011 بە رێکەوتنی ئیسرائیل و حەماس. شاڵیت ئازادکرا لە بەرامبەر 1027 دیل و زیندانی فەڵەستینیدا، یەکێک لەوانە سنوار بوو.
یەحیا سنوار ساڵی 2017 بووە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە غەزەو قسە رۆشتووی یەکەمی ئەو هێزە.
ئیسرائیل دەڵێت بڕیاردەرو بیرۆکە داڕێژی هێرشەکەی 7ـى ئۆکتۆبەر یەحیا سنوار بووە، بۆیە ساڵێک زیاترە داواکراوی یەکەمە لە لایەن ئیسرائیلەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 17.10.2024 میدیاکانی ئیسرائیل کوژرانی سنواریان راگەیاند، ئەگەری بەهێز ئەوەیە رۆژی سێشەممە کوژرابێت.

رادیۆى سوپاى ئیسرائیل: یەحیا سنوارمان کوشت

رادیۆى سوپاى ئیسرائیل: یەحیا سنوارمان کوشت