رێژەکە بەرزبووەتەوە
لە ماوەی نۆ مانگ لە كەركوك 1070 كەس تووشی شێرپەنجە بوون
964+
كاروان ساڵحی – كەركوك
ساڵ لە دوای ساڵ رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە بەگشتی و شێرپەنجەی مەمك بەتایبەتی لە شاری كەركوك لەبەرزبوونەوەدایە و لە ماوەی نۆ مانگی سەرەتای ئەم ساڵ زیاتر لەهەزار حاڵەت تۆمار كراوە كە بەشێكیان شێرپەنجەی مەمكن.
كەركوك خاوەن دوو یەكەی دیاریكردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمك بوو بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی توشبووان بە شێرپەنجەی مەمك ئەمڕۆ سێ شەممە 15.10.2014 لە ناو سەنتەری كەركوكی تایبەت بە لووەكان و نەخۆشیەكانی خوێن یەكەیەكی نوێ كرایەوە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتو لە قەزای حەویجە یەكەیەکی دیكە بكرێتەوە.
دكتۆر نیاز ئەحمەد ئەمین بەڕێوەبەری سەنتەری كەركوكی تایبەت بە لووەكان و نەخۆشیەكانی خوێن بە 964ـی وت، پێشتر لە سەنتەرەكەمان تەنها پێشوازیمان لە نەخۆش دەكرد، بەڵام لە گەڵ كردنەوەی ئەو یەكە نوێیە پشكنینی پێشوەختەی بۆ دەكرێت و چارەسەری پێویستی بۆ دابیندەكرێت.
وتیشی، لە 1.1.2024 تاوەكو 30.9.2024 لە شاری كەركوك هەزار و 70 حاڵەتی نوێی توشبوون بە شێرپەنجە تۆماركراوە، لەو رێژەیە 360 کەسیان شێرپەنجەی مەمك بوون، یەک لەسەر سێی حاڵەتەكان شێرپەنجەی مەمكن، ساڵانە نزیك دەبێتەوە لە هەزار توشبووی نوێی شێرپەنجە بەڵام ئەم ساڵ لە نۆ مانگی سەرەتا ئەو رێژەیە تۆماركراوە و تێپەڕێوە.
مەها عەبدولەتیف بەڕێوەبەری یەكەی بەرنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمك و منداڵدان لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بە 964ـی وت، رێژەی توشبوون و مردن بە شێرپەنجەی مەمك زۆر بووە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، زۆربەی توشبووان بە شێرپەنجەی مەمك لە تەمەنی 40 ساڵی و بەسەرەوەیە، زۆربەی توشبووان دانیشتووی گوندەکانن.
وتیشی تووشبونی شێرپەنجە لە ناو پیاواندا تۆمار كراوە بەهەمان شێوە و پێویستە ئەوانەی تەمەنیان لە سەروی 40 ساڵە ساڵانە بێێن پشكنین بكەن، لە كۆتایی ساڵ راپۆرتی خۆمان رادەستی وەزارەتی تەندروستی دەكەین كە هۆكاری بەرزبونەوەی توشبون بە شێرپەنجەی مەمك بۆ چی دەگەرڕێتەوە بۆ ئەوەی رێگەچارەیەكی بۆ بدۆزرێتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی