لە لایەن سەرۆك وەزیرانەوە

فەرمانی بەقەزاکردنی تەقتەق واژۆ کرا

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان فەرمانی بەقەزاكردنی تەقتەقی واژۆ كرد، لە ساڵی 1918ەوە ناحیە بوو.

ئەمڕۆ دووشەممە 14.10.204 لە لایەن سەرۆك وەزیرانی هەرێمی مەسرور بارزانی، فەرمانی بەقەزاکردنی تەقتەق واژۆ کرا، ئەمەش بەگوێرەی بڵاوكراوەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری.

لە فەرمانەکەدا هاتووە، “پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمیی ژمارە 335، بڕیارمان دا بە هێنانەکایەی قەزای تەقتەق لە سنووری پارێزگای هەولێر بە هەمان سنووری ئێستای ناحیەی تەقتەق، ئەم فەرمانەش لە رۆژی دەرچوونییەوە، واتا لە ئەمڕۆ 14.10.2024 جێبەجێ دەکرێت.

دوێنێ شەو سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان دوو بڕیاری نوێی واژۆ كردووە، یەكێكیان لێبوردنی تایبەت بۆ 17 زیندانی، ئەویدیكە بەقەزابوونی ناحیەی تەقتەق.

ناحیەی تەقتەق سەر بە قەزای كۆیە بوو، لە 1918 كرابووە ناحیە و كەوتووەتە لای راستی زێی بچووک، 90 کیلۆمەتر لە رۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر و 60 کیلۆمەتر لە باکووری پارێزگای کەرکوکەوە دوورە.

لە ساڵی 1960دا بە بریاری حکومەتی ئەوكاتی عێراق بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی تێدا کراوەتەوە.

تەقتەق ناوچەیەكی كشتوكاڵیی گرنگە و سامانی ماسییش لەوێدا بایەخی پێدەدرێت، هەروەها لە رووی گەشتیاریشەوە بایەخی هەیە و گەشتیار سەردانی دەكەن.

ماسیی تەقتەق هەرزان بووە دەتوانیت دۆستەکانتی پێ دەعوە...

ماسیی تەقتەق هەرزان بووە دەتوانیت دۆستەکانتی پێ دەعوەت بکەی