هه‌ولێر ده‌یه‌وێت شێركۆ كه‌ریم رازیی بكات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

یانه‌ی هه‌ولێر، هه‌وڵده‌دات شێركۆ كه‌ریم هێرشبه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و پێشووی یانه‌كه‌ رازیی بكات بگه‌ڕێته‌وه‌ یانه‌كه‌، یاریزانه‌كه‌ش داوای پاره‌یه‌كی زۆر ده‌كات.

شێركۆ كه‌ریم یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، له‌ 2020 تا 2022 له‌ یانه‌ی هه‌ولێر یاریی ده‌كرد، سه‌ره‌تای ئه‌م وه‌رزه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ یانه‌ی كوێتی كوێتییه‌وه‌ كرد، به‌ڵام یانه‌كه‌ له‌ رۆژانی رابردوو گرێبه‌ستی یاریزانه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

شێركۆ ئێستا بێ یانه‌یه‌ و هه‌وڵده‌دات له‌ دوو رۆژی داهاتوودا په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌یه‌كه‌وه‌ بكات، پێش ئه‌وه‌ی ده‌رگه‌ی گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ی یاریزانان دابخرێت.

ئیبراهیم قادر به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 30ـی كانوونی دووه‌م به‌ تۆڕی 964ـی وت، “یانه‌كه‌مان هه‌وڵده‌دات گفتوگۆ له‌گه‌ڵ شێركۆ كه‌ریم بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ تیپه‌كه‌مان و گرێبه‌ستێكی نوێی له‌گه‌ڵ واژوو بكات”.

وتیشی، “شێركۆ كه‌ریم داوای پاره‌یه‌كی زۆر ده‌كات، كه‌ له‌ توانای ئێمه‌دا نییه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر بڕه‌پاره‌یه‌كی گونجاو رێكبكه‌وین”.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی تۆڕی 964، شێركۆ كه‌ریم بۆ گرێبه‌ستكردن له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێر داوای 250 ملیۆن دیناری كردووه‌.

شێركۆ كه‌ریم سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌شداریی جامی كه‌نداوی 25ی له‌ به‌سڕه‌ كرد، كه‌ توانیان نازناوه‌كه‌ش به‌ده‌ست بهێنن.

یانه‌ی كوێتی كوێتی پێشتر بڵاویكرده‌وه‌، به‌ رێككه‌وتنی هه‌ردوولایان، گرێبه‌ستی شێركۆ كه‌ریمان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، كه‌ كه‌متر له‌ شه‌ش مانگ له‌و یانه‌یه‌دا بوو.

شێركۆ كه‌ریم له‌دایكبووی 1996ـی كه‌ركوكه‌، پێشتر له‌ ئه‌وروپا بۆ یانه‌كانی گراسپهۆپه‌ر و رایندرۆف له‌ سویسرا یاریی كردووه‌، هه‌روه‌ها له‌ خولی عێراق بۆ یانه‌كانی هه‌ولێر و شوڕته‌ یاریی كردووه‌.