شوان کەریم دەرهێنەریەتى

پیانۆ لەڕێیە؛ هاوشێوەى دواڕۆژەکانى پابلۆیە

دیلان محەمەد- سلێمانى

شانۆگەریەکى نوێ و جیاواز لە سلێمانى نمایش دەکرێت و لە ئێستادا دەرهێنەر و ئەکتەرەکانى سەرقاڵى راهێنانن، هەرچەندە دەرهێنەرەکەى شانۆگەرى پابلۆ دەرهێنانى بۆ کردووە، بەڵام جیاوازە لەو کارە و دەوترێت شتێکى زەخمە.

شوان کەریمى دەرهێنەر لە بارەى شانۆگەرییەکەوە قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: شانۆگەرییەکە رەخنەگرتنە لە چینى سەرەوەى دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکان، بەڵام لەبارەى جیاوازى لەگەڵ پابلۆ دەبێت بینەر بڕیارى لێ بدات.

رێبین سەرکار کە هونەرمەندێکى شێوەکارە، لەم شانۆییەدا رۆڵى پێدراوە و بۆ یەکەمجارە لەسەر تەختى شانۆ رۆڵ دەگێڕێت، لەبارەى کارەکەوە بە 964ـى وت،”هەر لەیەر ئەوەیە سەرم سوڕماوە کە منى هەڵبژاردووە، بەڵام کەسایەتى من لە شانۆییەکە لەخۆم نزیکە و رێک خۆمم”.

ئەو نهێنییەکەى درکاند و وتى شانۆگەرییەکە ناوى”پیانۆ”یە و چەندین ئەکتەر و شانۆکارى جیاواز تێێدا بەشدارن.

“دوا رۆژەکانی بابلۆ” شانۆگەرییەکی کوردیی بەناوبانگە کە سێ ساڵ لەمەوبەر، شوان کەریم کارى دەرهێنانى بۆ کرد و دەنگدانەوەیەکى گەورەى لێکەوتەوە، کە لە ماوەى 140 خولەک، رەخنەى لە دەسەڵات، گەندەڵى، هەلومەرجى کۆمەڵایەتى و سیاسیى و ئابورى گرت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح