دەتخاتە سەر رێگەی پێنجوێن

بەرزە پردەکەی نزیک بازگەی سەیدسادق سبەی دەکرێتەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

ئۆڤەرفڵای یان پردی کانی سپیکە، زیاتر لە دوو ساڵ بوو بە تەواونەکراوی جێھێڵدرابوو، ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی، کە سەرپەرشتی پرۆژەکەی دەکرد پەیامی ژمارەیەک هاوڵاتییان بۆ چوو بوو، “بەهۆی بچووکی و لاربوونەوەی پردەکە” پرۆژەکەیان بە نامۆ وەسف کردبوو لە لایان.

پردی کانی سپیکە، دەکەوێتە نزیک گوندی گرێزە لەسەر رێگەی نێوان سلێمانی و سەیدسادق و نزیک بازگەی ئاسایشی سەیدسادقە، ئاڕاستەی رێگەی چوون له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ پێنجوێن بەیەکەوە دەبەستێتەوە، رێگەكه‌ شادەماری ئابوورییە بەو پێیەی لە سلێمانی و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاڵوگۆڕ و گەڕانەوەی بارهەڵگرەکان بۆ باشماخ بەو پردەدا تێدەپەڕن.

پانی پردەکە 10مەتر و درێژییەکەی 250 مەترە، شۆفێر 120 مەتر لەسەر جادەی قیر دەڕوات تا دەگات بە پردەکە، بچووکیی پردەکە و دیزاینی جیاوازترە لەو پردە ئۆڤەر فڵایانەی کە لە بەدیلی یوتێرن دروست دەکرێن.

ئالان وەیس، سەرپەرشتیاری پرۆژەی پردی کانی سپیکە، لە ئاوەدان کردنەوە و رێگه‌وبانی سلێمانی بە 964ی وت، “پردەکە لە قۆناغی یەکەمدا یەک ملیار و 200 ملیۆن دیناری تێچووە، ئەو بڕەش لە کۆی ماوەی تێچووی پردی پرۆژەی پردی شانەدەر بووە”، بەڵام بەپێی دوا داتای ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبانی سلێمانی کە بڵاوی کردووەتەوە، لە قۆناغی دووەمدا 100 ملیۆن دینار بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە زیاد کراوە.

ئاڕاستە و فراوان نەبوونی پردەکە نامۆیی لەلای خەڵک دروستکردووە، تا گەیشتووە بەوەی نامە و پەیامیشیان لەلایەن ھاوڵاتیانەوە بۆ نێردراوە، بەڵام بە وتەی ئەندازیارەکە، “ئەوان دەستیان زۆر واڵا نەبووە بۆ فراوانترکردنی پانیی پردەکە، جگە لە تێچووی پردەکەن دەبوو زەوی ئەو خەڵکانەش قەرەبوو بکەنەوە، کە دەکەونە چوارچێوەی پرۆژەکە”.

ئەم پردە کە بەدیلی یوتێرنە و 5 خولەک بۆ یەک خولەک کەمدەکاتەوە، دەبێت لەگەڵ کرانەوەیدا شۆفێران بە خێراییەکی کەمتر و بۆ سەلامەتی خۆیان لە خوار نمرە 60 ھەوڵ بدەن بەسەریدا تێبپەڕن، لە ناوەڕاستی ئەمساڵەوە پاش دەستکردنەوەی بە قۆناغی دووەم و تەواکردنی (قیر، راگر، رێکخستن و دانانی ھێما و رێکاری ھاتوچۆی ماوە)، پلانی رێگه‌وبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی وایە سبەی پێنجشەممە 10.10.2024 پردەکە بەڕووی شۆفێراندا بکاتەوە.

دیمەنی پردی کانیسپیکە؛