هەڵبژاردنی كوردستان

رۆژی هەڵبژاردن دەتوانی كارتەكەت وەربگریتەوە و دەنگیش بدەیت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوەبەری لقی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق رایگەیاند، لە رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی كوردستاندا، هاوڵاتی دەتوانێت لە هەمان رۆژ كارتەكەی وەربگرێتەوە و دەنگی خۆیشی بدات، بەڵام نەیشاردەوە كە بۆی هەیە ئەم رێككارە گۆڕانكاری بەسەردا بێت.

مەروان محەمەد ئەمڕۆ یەكشەممە 6.10.2024 بە تۆڕی 964ی راگەیاند، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، رۆژی 20ی ئەم مانگەی دیاریكردووە وەك دواوادە بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانی دەنگدان لە لایەن هاوڵاتییانەوە.

وتیشی، ئاساییە 20ی مانگ رۆژی دەنگدانە و هاوڵاتی ئەگەر كارتەكەی وەرنەگرتووەتەوە، دەتوانێت هەمان رۆژ بچێت كارتەكەی وەربگرێتەوە و دەنگی خۆیشی بدات، چونكە پرۆسەكە لە دوو شوێنی جیاوازدا بەڕێوەدەچن و دوو كاری جیاوازە.

مەروان محەمەد لەگەڵ ئەوەشدا وتی، بۆی هەیە ئەم رێككارە گۆڕانكاری بەسەردا بێت، بە تایبەتی لە وادەی وەرگرتنەوەی كارتی دەنگداندا، کە میکانیزمەکەی بۆی هەیە کێشە دروست بکات، بەڵام حاڵی حازر بڕیارەكە بەم شێوەیەیە.

بە پێی زانیارییەكانی 964، كە لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە دەستیكەوتووە، تا ئێستا نزیكەی 150 هەزار كەس كارتیان بۆ دەنگدان وەرنەگرتووە، كە دەكاتە رێژەی زیاتر لە 3%ی ژمارەی دەنگدەران.

بڕیارە 20ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 کەسە، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەت.