سه‌رۆكى بنكه‌ى لالش:

” گومان ده‌كرێت هێشتا كچان و ژنانى ئێزدی له‌ فه‌ڵه‌ستین و وڵاتانى دیكه‌ بن “

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

سه‌رۆكى بنكه‌ى لالش له ‌دهۆك ده‌ڵێت، گومان ده‌كرێت هێشتا كچان و ژنانى ئێزدی كه‌ ماوه‌ى 10 ساڵ پێش ئێتا به‌ر شاڵاوى جینۆسایدی داعش كه‌وتن، له‌ فه‌ڵه‌ستین و وڵاتانى دیكه‌ بن.

ئه‌م قسه‌یه‌ى بنكه‌ى لالش كه‌ بنكه‌یه‌كی رۆشنبیری كۆمه‌ڵایه‌تى ئێزدییه‌كانه‌ و له‌ به‌شێكى شارو شارۆچكه‌كانى هه‌رێم لقیان هه‌یه‌، دواى 10 ساڵ له‌ بێسه‌روشوێنبوون و دۆزینه‌وه‌ى ژنه‌ ئێزدییه‌ك له‌ كه‌رتى غه‌ززه‌ى فه‌ڵه‌ستینه‌وه‌ دێت.

ژنەكه‌، ناوی فەوزیە ئەمین سەیدۆ، تەمەنی 21 ساڵە، خەڵکی ناحیەی گردعوزێرە لە سنووری قەزای بەعاج.

سه‌عید جه‌ردۆ متۆ، سه‌رۆكى بنكه‌ى لالش له‌ دهۆك به‌ 964ـى راگه‌یاند، گومان ده‌كرێت هێشتا كچان و ژنانیان له‌ فه‌ڵه‌ستین و وڵاتانى عه‌ره‌بى بن.

وتیشی “تاوه‌كو ئێستا زیاتر له‌ 10 هه‌زار و 700 كه‌سی ئێزدی كه‌ له‌ناویاندا زۆربه‌یان كچ و ژنن ماوه‌ى 10 ساڵه‌ بێسه‌روشوێنن، سۆراغى زۆربه‌ى شوێنانه‌شیان بۆ كراوه‌ كه‌ گومان بكرێت له‌ سوریا یان موسڵ یان شوێنی دیكه‌بن به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نادیارن، بۆیه‌ به‌ دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و ژنه‌مان له‌ غه‌زه‌ گومانى زۆر ده‌كرێت برابنه‌ فه‌ڵه‌ستین و وڵاتانى عه‌ره‌بیانه‌”.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، كارى دۆزینه‌وه‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و ژنه‌ ئێزدییه‌، بە هەوڵی هاوبەشی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانی، هاوئاهەنگی هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و عومان و دەسەڵاتدارانی ئوردن، ئه‌نجامدراوه‌.

لایخۆشییه‌وه‌، دەزگای هەواڵگریی عێراقی، رایگه‌یاندووه‌ كه‌ پرۆسەی لێکۆڵینەوەیان دوای ئەوە دەستپێکرد کە چەند سەرەداو و زانیارییەکیان لەبارەی فەوزییەوە پێگەیشت کە لە یەکێک لە وڵاتە هەرێمییەکانە، دواجار بەیانیی رۆژی چوارشەممە گەیێندرایەوە بەغدا و دواتر رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.

لە رۆژى 3.8.2014 لە هێرشی چه‌كدارانى داعش بۆ سەر شنگال جگه‌ له‌ ئه‌نجامدانى کۆمه‌ڵكوژى، شەش هەزار و 417 کەسیشیان له‌ ته‌مه‌ن و ره‌گه‌زى جیاواز رفاند و له‌ناو ئه‌م ژماره‌یه‌شدا تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ى دوو هه‌زار كه‌سیان بێسۆراغن.

زۆربەی ئاوارەکانی شنگال ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان

زۆربەی ئاوارەکانی شنگال ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان