پسپۆرێک وەڵام دەداتەوە
کێن ئەو کەسانەی، پێویستە دژ بە پەتاکان بچن بۆ کوتان؟
964+
ئەحمەد مستەفا
پسپۆڕێکی نەخۆشییە هەناوییەکان لە خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، “پایز هاتووە و وەکو هەموو ساڵێک ئیتر کاتی بڵاوبوونەوەی پەتا ئەنفلۆزاییەکانە”، ئەوکەسانەش دیاری دەکات کە پێویستە خۆیان بکوتن دژی پەتا و ئەنفلۆنزاکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2.10.2024، دکتۆر دانیال ئاغال، پسپۆڕی نەخۆشییە هەناوییەکان لە خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنییان هەیە وەکو شەکرە، زەخت، رەبوو دەبێت خۆیان بکوتن، وە لە بنەڕەتدا ڤاکسینەکە خۆی نەخۆشیی دروست ناکات.
ئەو زۆر گرنگی داناوە کە، ئەوانەی سەروو تەمەنی 65 ساڵن، یان ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە وەکو شەکرە، زەخت، رەبوو، وە ئەوانەی بەرگرییان لاوازە لە زگماکەوە یان لاوازە بەهۆی دەرمانەوە وەکو ئەوانەی ناشتنی گورچیلەیان بۆ کراوە، یان ژنانی دوو گیانن پێویستە بکوترێن.
گۆڕانی کەشوهەوا و گۆڕانی کەشی گەرما بۆ سەرما، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک لە هاوڵاتیان تووش بە پەتا و ئەنفلۆنزا وەرزییەکان دەکات، ئەو پسپۆڕە رێنمایی ئەوەشی کردووە، ئەوانەی کە لە ناو ماڵ لەگەڵ ئەو کەسانە دەژین بەردەوام پێویستە خۆیان بکوتن.